گەنجێکی 25 ساڵان پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا
پێکدادانی ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێل لە خورماتوو گیانلەدەستدانی گەنجێکی لێکەوتەوە
سیروان خورشید – خورماتوو
بەهۆی پێکدادانێکی سەخت لەنێوان ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی تینی قەزای خورماتوو، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ گیانی لەدەستدا، رووداوەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بووە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانی لەدەستداوە.
ئیبراهیم خالد، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـی راگەیاند، تەرمی گەنجێکیان بۆ هێنراوە کە دانیشتووی گوندی بەراوچیلی بووە و شوێنەواری پێکدادانی سەختی پێوە دیار بووە و تیمی پزیشکی هەوڵی رزگارکردنیان داوە، بەڵام دەرکەوتووە کە لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە، بۆیە دوای رێکارە یاساییەکان تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری کەرکوک کراوە.
پۆلیسی هاتووچۆی ناوچەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی رووداوەکە و دەستنیشانکردنی لایەنی کەمتەرخەم.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر