سی ئێن ئێن:

ئەو کەشتییە رووسیەی نوقم بووە رەنگە تەکنەلۆجیای ئەتۆمی هەڵگرتبێ

ژووری هەواڵ

نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر، کەشتییەکی بارهەڵگری رووسی کە پێدەچێت دوو ریاکتۆری ئەتۆمی بۆ ژێردەریاییەکان هەڵبگرێت و بەرەو کۆریای باکوور بەڕێکەوتبێ، لە هەلومەرجێکی تەمومژاویدا نوقم بوو.

ماڵپەڕی سی ئێن ئێن رایگەیاند، دوو ساڵ لەمەوبەر کەشتییەکی بارهەڵگری رووسی کە رەنگە دوو ریاکتۆری ئەتۆمیی تایبەت بە ژێردەریایی هەڵگرتبێت و لەوانەیە بەرەو کۆریای باکوور بەڕێکەوتبێ، لە بارودۆخێکی گوماناویدا لە دووریی 96 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئیسپانیا نوقم بووە.

کەشتییەکە ناوی “Ursa Major”ـەو لە 23ی کانوونی یەکەمی 2024 نوقم بووە و تا ئەم کاتە رووداوەکە بە نهێنی ماوەتەوە. بەڵام بەپێی راپۆرتەکانی CNN، رەنگە ئەم رووداوە ئاماژە بێت بۆ دەستێوەردانێکی دەگمەن و مەترسیداری سەربازیی وڵاتانی رۆژئاوا، بە مەبەستی رێگریکردن لە رووسیا لە ناردنی تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووی ئەتۆمی بۆ کۆریای باکوور کە هاوپەیمانێکی سەرەکییەتی.

ئەم کەشتییە تەنیا دوو مانگ دوای ئەوە بەڕێکەوت کە کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور، هێزی ناردبوو بۆ هاوکاریکردنی مۆسکۆ لە شەڕی دژی ئۆکرانیا.

کەشتیەکە مۆڵەتی گواستنەوەی ماددەی ئەتۆمی هەبووە و لەلایەن دوو کەشتی سەربازی رووسییەوە یاوەری کراوە و لە 22ـی کانوونی یەکەم لە نزیک کەناراوەکانی ئیسپانیا خێراییەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و دوای 24 کاتژمێر سێ تەقینەوە لە نزیک بزوێنەرەکەی روویانداوە کە بەهۆیە دوو ئەندامی کەشتیەکە گیانیان لەدەستداوە و، 14 ئەندامەکەی دیکەش بە بەلەمێک خۆیان دەرباز کردووە.