دێتە فڕۆکەخانەی هەولێریش

سوریا هەوڵدەدات بۆ ئاسانکاری عێراقییەکان گەشتی نێوان بەغدا و دیمەشق دەکەنە رۆژانە

فەرهاد حەسەن

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی و گواستنەوەی ئاسمانیی سوریا، جوڵەی فڕۆکەوانیی نێوان سوریا و عێراقی لە رێگەی گەشتی رۆژانەوە راگەیاند و  ئامادەیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشقی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک بۆ عێراقییەکان دووپاتکردەوە.

مستەفا خەیروڵا، سەرۆکی بەشی راگەیاندن لە دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی و گواستنەوەی ئاسمانیی سوریا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراق رایگەیاند، “بەخێرهاتنی خوشک و برایانی عێراقی دەکەین بۆ وڵاتی دووەمی خۆیان (سوریا) و گەشتی ئاسمانیی رێکخراو و بەردەوام هەن کە هەردوو وڵاتی برا بەیەکەوە دەبەستنەوە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، “فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق شایەتی جوڵەیەکی چالاکی فڕۆکەوانییە، کە خۆی لە گەشتی نزیکەی رۆژانەدا دەبینێتەوە و شاری دیمەشقی پایتەخت بە بەغدای پایتەختەوە دەبەستێتەوە، ئەوە جگە لە گەشتە رێکخراوەکانی نێوان دیمەشق و هەولێر”.

ئەوەشی روونكرده‌وه‌، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی بە تەواوی ستافەکەیەوە کاردەکات بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکان و ئاسانکارییە پێویستەکان بۆ گەشتیاران، بە شێوازێک کە ڕەوانی و ئاسودەیی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات (سوریا و‌ عێراق) مسۆگەر بکات.

هێڵی ئاسمانیی سوریا گەشتەکانی لە نێوان فڕۆکەخانەکانی عێراق وەک بەغدا و هەولێر بۆ سوریا جێبەجێ دەکات و دەشڵێت “جوڵەی گەشتی ئاسمانی لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی رۆیال جۆردەنیان بژاردەیەکی دیکەی گرنگە بۆ گەشتکردن بە ترانزیت.