ئاڵای ئیمارات
رۆژنامەیەکی ئەمریکی:
ئیمارات هێرشی کردووتە سەر ئێران
ئەرسەلان عەبدوڵا
رۆژنامەی وۆڵد ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیمارات بە شێوەیەکی شاراوە مانگی رابردوو هێرشی کردووەتەسەر ئێران و پاڵاوگەیەکی نەوتی لە دوورگەی لاوانی ئێران بۆردومان کردووە.
رۆژنامەکە دەڵێت، سەرچاوەیەک نەیویستووە ناوی بهێنێرێت، ئەو زانیارییانەی پێداوە، هەروەها ئەوەشی باسی کردووە، ئەمریکا بە نهێنیی پێشوازی لەو هێرشەی ئیمارات کردووە و پێی خۆش بووە، تەنانەت پێشوازی لە هەر وڵاتێکی کەنداو دەکات کە بەشداریی هێرشەکانی سەر ئێران بکات.
لای خۆیەوە ئاژانسی فرانس پرێس هەوڵیداوە راستیی هەواڵەکە پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی دەستنەکەوتووە و بە هیچ نەگەیشتووە، چونکە رۆژنامە ئەمریکییەکە رێکەوتی هێرشەکەی باس نەکردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا رۆژی 8ی نیسانی رابردوو ئێران رایگەیاند، بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتەسەر ئیمارات و کوێت، دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشی سەر پاڵاوگەکەی دوورگەی لاوان لە ئێران.
هەر لەو رۆژەدا و تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای راگەیاندنی ئاگربەست، ئیمارات رایگەیاند کە بە 17 مووشەکی ئێرانی و35 درۆن هێرشیان کراوەتەسەر.
هەر ئەو بەیانییەش سوپای کوێت رایگەیاند کە رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرش بوونەتەوە بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و شیرینکردنی ئاو و دامەزراوەکانی نەوت.