دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بنکە ئیسرائیلیەکە
حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنی ‘سەپاندنی سەروەری’ لە بیابانی عێراقدا ئەنجام دەدات
ژووری هەواڵ
دوای چەند رۆژێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی بوونی بنکەی نهێنی ئیسرائیل لە بیابانەکانی نەجەف و کەربەلا، دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ، بە مەبەستی ‘سەپاندنی سەروەری’ هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی بەرفراوانیان لە بیابانی نەجەف لە چوار میحوەرەوە دەستپێکرد.
لە راگەیەندراوەکەدا، لیوا عەلی حەمدانی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست لە دەستەی حەشدی شەعبی، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ‘سەپاندنی سەروەری’ لە بیابانی نەجەف و کەربەلا لە رێگەی چوار میحوەرەوە راگەیاند، بە ئامانجی پاراستنی رێگەی نێوان کەربەلا و ناوچەی نوخەیب.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئۆپراسیۆنەکە بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بە سەرپەرشتیی سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریق یەکەم روکن عەبدولئەمیر یارەڵا جێبەجێ دەکرێت.
عەلی حەمدانی روونی کردەوە کە میحوەرەکانی ئۆپراسیۆنەکە پێکهاتوون لە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەربەلا، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی ئەنبار لە دەستەی حەشدی شەعبی، لەگەڵ لیوای دووی حەشدی شەعبی.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە هێزە بەشداربووەکان بە قووڵایی 70 کیلۆمەتر کێوماڵ و پشکنین دەکەن، ئەوەش بەگوێرەی پلانە سەربازییەی دایان ناوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەکاتێکدایە کە رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە رێکەوتی 9.5.2026 لە راپۆرتێکیدا باسی لەوەکرد، کە ئیسرائیل بنکەیەکی نهێنی لە بیابانەکانی عێراقدا دامەزراندووە بۆئەوەی لە هێرشەکردنە سەر ئێران پشتگیری هێزەکانی بکات.