دیمەنی کەشتییەکی نەوت هەڵگر و بەندەرێکی گواستنەوەی نەوت.وێنە.وەزارەتی نەوتی عێراق
وەزارەتی نەوتی عێراق:
لە ماوەی مانگێک هێڵی نەوتی کەرکوک – موسڵ ئامادە دەبێت
ئەرسەلان عەبدوڵا
بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت دەڵێت، هێڵی نەوتی کەرکوک – موسڵ بە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا دەڕوات و لەوێشەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا، لە یەک مانگدا ئامادە دەکرێت.
باسم محەمەد بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندووە: “وەزارەت کار بۆ تەواوکردنی بۆری کەرکوک- نەینەوا دەکات، هیوادارە لە ماوەی یەک مانگدا ئامادەبێت بۆ کارکردن”.
روونیشیکردەوە، بۆرییەکە دەکەوێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و بە توانای هەناردەکردنی تا 350 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دیزاین کراوە، بەڵام ئێستا ناتوانرێت بگاتە ئەو رێژەیە، بەهۆی سنوورداربوونی توانای بۆریی نێوان بەسرە و کەرکوک.
هەروەها دەڵێت، چارەسەری تەکنیکی پێشنیارکراو، پڕۆژەی ستراتیژیی داهاتووی بەسرە- حەدیسەیە.
سەبارەت بە هەناردەکردن لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتیکردەوە کە “عێراق بەر لە رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، لەکاتێکدا بەرهەمی راستەقینە رۆژانە 4.2 ملیۆن بەرمیلە”.
“ئەگەر گەرووی هورمز بکرێتەوە، وەزارەت تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا توانای گەڕاندنەوەی ئاستی هەناردەکردنی هەیە بۆ ئاستی پێشووی خۆی”، باسم محەمەد وای وتووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، “کارە لۆجستیەکان بەردەوامن، بەو پێیەی دوو بارهەڵگری نەوتی خاو بارکراون و چاوەڕێی هاتنی دوو بارهەڵگری دیکە دەکەین، کاتی گواستنەوەکەش راستەوخۆ پەیوەستە بە سەقامگیریی دۆخی ئاسایش”.