مستەفا سەنەد خاتری گەنجانی گرت

وەیز نامێنێ و چیدی کامێراکانتان بۆ کەشف ناکرێ

شۆڕش قادری

ئەپلیکەیشنی وەیز نامێنێ و چیدی کامێراکانتان بۆ کەشف ناکرێ، وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت، لەبەر خاتری گەنجان کۆتایی ئەمساڵ دایدەخەین.

ئەمڕۆ سێشەممە 6.10.2026 مستەفا سەنەد وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند، بڕیاریانداوە ئەپلیکەیشنی وەیز (waze) دابخەن چونکە لەلایەن ئیسرائیلییەکان و لە ناوخۆی ئیسرائیلەوە بەڕێوەدەبرێت.

سەنەد دەڵێت، هاوڵاتیان دەتوانن لەبری وەیز گوگڵ مەپ یان ئەپڵیکەیشنەکانی دیکە بۆ دۆزینەوەی شوێنەکان بەکاربهێنن.

ئەو بابەتە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە و رەخنەی زۆری لێگیرا، کەمێک پێش ئێستا مستەفا سەنەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەک تەعلیق و توانج، نووسیویەتی، “بۆ بەدەمەوەچوونی خواستی هاوڵاتیان و دوای ئەوەی ئەو هەموو رەخنە، دەمەقاڵێ، گاڵتەجاڕی و نوکتانەم بینی کە لەلایەن کوڕان و کچانەوە بڵاوکرابوونەوە و لەبەر ئەوەی ئێمە دەوڵەتێکی دیموکراتین و وەزارەتەکەشمان لایەنگری گەنجانە، بڕیاری قەدەغەکردنی ئەپلیکەیشنەکەمان لە سەرەتای ساڵی 2027 هەڵوەشاندنەوە و لەبری ئەوە، وادەکەمان پێشخست بۆ کۆتایی مانگی 12ـی ئەمساڵ.”

وەیز ئەپلیکەیشنێکی جیهانییە و لەلایەن کۆمپانیای گوگڵەوە خاوەندارێتی دەکرێت و لە زۆربەی وڵاتان بەکاردەهێنرێت، لەکاتی بەکارهێنانیشی جگە لە دیاریکردنی شوێنەکان، ئەو کامێرایانەی تۆمارکردنی تیژڕەوییش دیاری دەکات کە لەسەر جادەکان دادەنرێن، بۆیە بە داخستنی ئەپلیکەیشنەکە، ئەو کەسانە لێیان دەقەومێ کە هیوایەتیان تیژڕەوییە.