ئامێری ATM - وێنە: 964
نەجاتیان بوو لە هاتوچۆ
هەژماری من چوونە تەکیە و لەم رۆژانە ئامێری ATM دادەنرێ
ئەحمەد مستەفا
لە ناحیەی تەکیە هەنگاوێکی نوێ بۆ ئاسانکردنی پرۆسەی وەرگرتنی مووچە هەڵگیرا، کە بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، ئامێری ATM بۆ مووچەخۆرانی ناوچەکە لە رۆژانی داهاتوودا دادەنرێت.
ناوەندی پەیوەندییەکانی هەژماری من چوونی ستافێکی ئەندازیاریی تایبەت بە ئامێرەکانی ATMی بۆ ناحیەی تەکیە بۆ 964 پشتڕاست کردەوە و وتی، لەبەردەم بینای بەڕێوبەرایەتیی ناحیەکە، نەخشەسازی و پێوانەکردنی شوێنی دانانی ئامێرەکانی ATM ئەنجام دراوە.
رێکخستنەکان بۆ دانانی ئامێرەکان بە تەواوی کراون و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتووی ئەم هەفتەیەدا، ئامێرەکانی ATM لە شوێنی دیاریکراو دادەنرێن.
بەم هەنگاوە، مووچەخۆرانی ناحیەی تەکیە دەتوانن موچەکانیان لە ناو ناحیەکە وەربگرن و پێویستییان بە گەشتکردن بۆ شارەکانی تر بۆ وەرگرتنی مووچە نەبێت.
ئەم هەنگاوە هەروەها دەتوانێت کات و خەرجی هاتوچۆی مووچەخۆران کەم بکاتەوە و دەستگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان ئاسانتر بکات.