فه‌رمانده‌ی سێنتكۆم:

میلیشیا عێراقییه‌كان پاره‌ بۆ سوپای پاسداران ده‌نێرن

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) براد کوپەر رایگەیاند کە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە، له‌وانه‌ش گرووپه‌ عێراقییەکان دەستیان کردووە بە گواستنەوەی پارە بۆ سوپای پاسدارانی ئێران لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارە ئابوورییەی کە دوای نۆ مانگ لە شەڕ رووبەڕووی ئێرانییه‌كان بووه‌ته‌وه‌.

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکرایەوە، کوپەر رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی زیانێکی بەرچاوی به‌ ئێرانییه‌كان گەیاندووە، کە نزیکەی 25 ملیار دۆلار داهاتی لەدەستچووی نەوتی ئێرانه‌.

ئاماژەی بەوەش کردووە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، “لە چەند هەفتەی رابردوودا 350 ملیۆن دۆلاریان لە سەروەت و سامانی ئێران، کە لە دراوی کریپتۆدا هەڵگیراون ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتووه‌”.

کوپەر روونی کردەوە کە گرووپە چەکدارەکان لەوان حزبوڵڵا و حەماس و میلیشیا عێراقییەکان “ساڵانێکی زۆرە پاڵپشتی داراییان لەلایەن سوپای پاسداران وەرگرتووە، بەڵام ئێستا داوایان لێدەکرێت ئەو پارانە بگەڕێننەوە”.

فەرماندەی سێنتکۆم وتی: گوشارە داراییەکان لەسەر دامەزراوەی سەربازیی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە، تا ئەو ڕادەیەی کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە موچەی چەکدارەکانیان دەبڕن بۆ گواستنەوەی پارە بۆ سوپای پاسداران، کە خۆی لە هه‌وڵدایه‌ بۆ پێدانی پارەی هێزەکانی خۆی.

ئاشكراشی كرد، حکومەتی ئێران “موچە و پاشەکەوت و یارمەتییەکانی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، لە ناویاندا ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای پاسدارانی راگرتووە”.

کوپەر هۆکاری زیادبوونی بەرچاوی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیەکان لە گەرووی هورمز بۆ “هەستکردنێکی بەربڵاوی نائومێدی و بێهیوایی لەناو سوپای پاسدارانی ئێران” گەڕاندەوە.