پایسکلچییەک باسی داواکاریی منداڵان دەکات

“هەمووی دەرێ گلۆپ و فسفۆڕ و مۆریم دەوێت”

عەبدولعەزیز خالند

وەرزی هاوین هات و مەکتەب تەواو دەبی، ئیتر منداڵان ئەوەی پایسکلی هەیە، دەیهێنێتە دەرێ و دەیباتە وەستای، بۆ ئەوەی نوێی بکاتەوە، وەستایەکی پایسکلیش دەڵێت، منداڵ داوای جوانکاریی سەیر دەکەن بۆ پایسکلەکانیان.

وەستا عەبدولڕەزاق حەسەن لە ناحیەی دارەتوو پایسکلچییە و ئیشەکەی لە باوکی بۆ ماوەتەوە، ئەو بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، لە 1987ـەوە کاری چاککردنەوەی پایسکل دەکات.

دەشڵێت، پایسکلی چینی مەکڕن و کەڵکی نییە، پایسکلی لەنگە ئێستا باشترینە”.

“مندار هەر کارتیان لە مەکتەبێ وەرگرتەوە، ئەوجا پایسکلی دەهیننە دەرێ و دێنە لای من لۆیان چاک بکەمەوە”، وەستا عەبدولڕەزاق وای وت.

باسی ئەوەش دەکات، “هەیە دێت پارەی پێ نییە و داوای شتی سادە دەکات، منیش پێیان دەدەم و دڵی خۆش دەکەم و قیمەتی نییە”.

وەستا عەبدولڕەزاق هەروەها باسی ئەوە دەکات، منداڵان باشترە پایسکل لێبخوڕن و بجوڵێن، نەک بە مۆبایل و ئایپاد خەریک بن و دەڵێت، “مندار ئەوها تێکدەچی”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا