هەر کەسیش بیەوەێت پێی دەدات

هاوڵاتییەکی سەید سادق کۆڵانەکەی بە تووی کەنەدی رازاندووەتەوە

بڕوا مەجید – سەید سادق

هاوڵاتییەک لە قەزای سەیدسادق جۆرە توویەکی جیاواز لە دەورووبەری ماڵەکەی دەچێنێت کە تامی وەک “تووڕک” وایە، ئەم هاوڵاتییە بۆ سەوزکردنی کوردستان نەمامی ئەو دارە بەخۆڕایی دەداتە هاوڵاتیان

​هێمن عەلی، دانیشتووی گەڕەکی ئاشتی لە سەیدسادق بۆ مایکی 964 وتی، “لە ساڵی 2022ـدا ئەم جۆرە تووەم هێناوەتە کوردستان کە بنەچەکەی کەنەدییە، تایبەتمەندییەکی زۆر دەگمەنی هەیە، پێش هەموو تووەکان پێدەگات و دوای هەموو تووەکانی تریش کۆتایی بە بەرهەمەکەی دێت، تامی ئەم تووە لە تووی ئاسایی ناچێت و شیرین نییە، بەڵکو تامێکی مزری هەیە و لە تامی “تووڕک” دەچێت”

دەشڵێت، “ئێستا باخەکەم بووەتە جێی سەرنجی هاوڵاتیان و رێبوارانی گەڕەکەکە و سوودێکی زۆریان لەبەرهەمەکەی بینیوە، هەر هاوڵاتییەک بیەوێت لەم دارە بنێژێت، لە مانگی 12دا قەڵەمی پێدەدەم بەخۆڕایی، تەنها بۆ ئەوەی کوردستانم سەوزتر بێت و بەرهەمی جیاوازمان لە نیشتیماندا هەبێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی