ئامینە لە دادگاییەکەی حەجاج بوو
ژنە میهرەبانێکی زیندانیکراوی نوگرەسەلمان لەگەڵ لەسێدارەدانی جەلادەکەی نییە
میلاد جەلال – گەرمیان
یەکێک لەو ژنە بریندارانەی کێبڵی حەجاجی لە نوگرەسەلمان بەرکەوتووە، ئەمڕۆ لە کاتی شاهیدی دان لەسەر رووداو و ئەتوارەکانی حەجاج قسەی کردووە و دەڵێ، دوو جار ئاوڕی بۆ داوەتەوە، ئەو ژنە ئەنفالێکە سزای سێدارەی بۆ حەجاج ناوێ، دەیەوێ بە سزا و ئازارەوە بمرێ.
دوێنی چوارشەممە 6.5.2026، بە پاس کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان ملی رێگەیان گرت و چوونە بەغدا، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لەیەکەم دادبینی حەجاج یەکێک لە تاوانبارانی رووداوەکانی نوگرە سەلمان، بەشداری بکەن و شاهیدی لەسەر کارەکانی بدەن لە زیندان.
ئامینە ساڵح یەکێکە لەوانە و ئەمڕۆ دوای دواخستنی دادگاییەکە بۆ 14.5.2026 گەڕایەوە بۆ گەرمیان، ئەو بە 964ی وت، ئەمڕۆ لە دادگا کە چاوی بە حەجاج کەوتووە ناسیویەتییەوە کە خۆیەتی و دەڵێت، حەجاج لاواز ببوو، بەڵام چاوی هەر وەک جاران بوو.
ئامینە خۆی دوو کێبڵی حەجاجی بەرکەتووە، دەڵێ ویستوویەتی چیرۆکی زیاتر بگێڕێتەوە، بەڵام شاهیدەکان ئەوەندە زۆربوون، ویستوویەتی ئەوانیش شاهیدی لەسەر تاوانەکانی حەجاج بدەن لەسەریان.
کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان لە خۆشی دادگاییکردنی “حەجاج” لەسەر سفرەیەک کۆکرانەوە و وەک ئەوەی دڵپڕن لەو کەسەی کە ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگاییەکەی بوو.
سفرەو خوانەکە لەلایەن رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی لە قەزای رزگاری ئیدارەی گەرمیان رێکخرابوو، کە زیاتر لە 100 کەسی لە زیندانیکراوانی نوگرەسەلمان و کەسوکاری ئەنفالکراوانی کۆکردبووەوە.
بڕیارە رۆژی 14ی ئەم مانگە، جارێکی دیکە دادگا کۆببێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لەو دانیشتنەدا دۆسیەی “جەلادەکەی نوگرەسەلمان – حەجاج” یەکلایی بکرێتەوە و بڕیار لەسەر کەیسەکەی بدرێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا