داربڕێک و سێ راوکەر
لە سنووری سلێمانی چوار کەس لەسەر سەرپێچی ژینگەیی دەستگیرکران
فەرهاد حەسەن
لە سنووری پارێزگای سلێمانی چوار کەس بە تۆمەتی سەرپێچی ژینگەیی دەستگیرکراون، یەکێکیان داری بڕیوە و سێ کەسیش بەتۆمەتی راوکردن دەستگیرکراون.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە بازیان مەفرەزەکانى بنکەى پۆلیسى دارستان لەسنوری گوندی سەرزەل، توانیان هاوڵاتیەک دەستگیربکەن کە چوار داری بەڕووی تەڕی شکاندبوو و توانرا دەست بەسەر دارەکان و یەک تراکتۆریش دا بگرن .
پۆلیس دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ئەو کەسە کردووەتەوە و بە بڕیاری دادوەریش لێکۆڵینەوە دەستپێکردووە.
لە سنورى باوەخۆشێن مەفرەزەیەکی بنکە، دەرچوونێکیان ئەنجامدا بۆ شاخی کانی ژاڵە لە سنووری گوندی کانی حەیران و توانیان سێ تۆمەتبار لە کاتی ئەنجامدانی راوکردنی نایاسایی و گرتنی باڵندەی کەو دەستگیر بکەن، لەگەڵ دەستگیرکردنیشیاندا، دەستبەسەر ئەم کەلوپەلانەدا گیرا کە بۆ مەبەستی راوکردن بەکاریان هێنابوو، کە بریتی بوون لە ئۆتۆمبێلێک، کەوێکی زیندوو، دوو دەستە داوی ڕاوکردن، یەک رادیۆ و یەک میمۆری (بۆ دەنگی کەو) و یەک کۆنترۆڵ و یەک مێخی ئاسن.
پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ هەرسێ تۆمەتبارەکە رێکخست و رێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر گیراوەتە بەر.