خولیان بۆ کرایەوە

سورێژە لە هەولێر؛ مامۆستایانی ئاینی بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک ئامادەکران

ئەحمەد مستەفا

لە کۆبوونەوەیەکی تەندروستی و هۆشیاری، مامۆستایانی ئاینیی هەولێر و دەوروبەری ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆبوونەوەیان کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر مەترسییەکانی پەتای سورێژە و رێگاکانی خۆپاراستن لێی.

ئەم سیمینارە لەلایەن بەشی نەخۆشییە گوازراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر رێکخرابوو و ئامانجی سەرەکیی بریتی بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی مامۆستایانی ئاینی و بەکارهێنانی توانایان بۆ گەیاندنی پەیامە تەندروستییەکان بە کۆمەڵگا.

لە سیمینارەکەدا، د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، سوپاسی مامۆستایانی ئاینیی کرد و ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی مینبەری مزگەوتەکان کرد لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانیاریی تەندروستی.

بەشداربووان لە سیمینارەکەدا زانیارییان لەبارەی نیشانەکانی سورێژە، وەک تا، کۆکە، هەڵامەت و پەڵەی سوور، و هەروەها مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە شوێنە قەرەباڵغەکان وەردەگرت. گرنگیی کوتانی نیشتیمانیش وەک ڕێگایەکی سەرەکی بۆ خۆپاراستن جەختی لەسەر کراوە.