وتەبێژ داخڵی کۆبوونەوە ئۆنڵاینەکەیان بووە

ئاسایش دزەدەکەنە ناو کۆبوونەوەیەکی پاشماوەکانی حزبی بەعس

ئەحمەد مستەفا

هەر ئەوەندە وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەپڕ دەچێتە ناو کۆبوونەوەیەکی ئۆنڵاینی ئەندام و پاشماوەکانی حزبی بەعسی قەدەغەکراو، دەبێ بە هەرا و پشێوییەکی گەورە، کاتێک دەزانن هەموو شتێکیان لە دەست چووە.

ئەمە بەدواداچوونی هەواڵگریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە، کە پێکهاتەکانی پارتی بەعسی قەدەغەکراویان کردووەتە ئامانج کە ناوی نوێیان بۆ خۆیان داناوە، و سەرجەم سەرکردەکانیان دەستگیرکردوون.

ئەوەش دوای هەوڵێکی هەواڵگری و تەکنیکی بەردەوام کە بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ناوخۆی پێکهاتە رێکخراوەییەکەدا و لە چەند پارێزگایەکی عێراق درێژەی هەبووە، بەبێ ئەوەی دەزگاکە ناوی پارێزگاکان ئاشکرابکات.

لە راگەیەندراوی دەزگاکە کە 964 بینوویەتی، ئاماژە بەوەکراوە، مەفرەزەکانی دەزگاکە لە رێگەی پڕۆسەکانی چاودێریکردن و بەدواداچوون و دیاریکردنی شوێن، توانییان دزە بکەنە ناو ئەژمار و پلاتفۆرمە پەیوەندیدارەکانی ئەو پێکهاتەیە و کۆنترۆڵیان بکەن و بەڕێوەیان ببەن، جگە لە چاودێریکردنی پەیوەندییەکان و جوڵە تایبەتەکانی ئەندامان و سەرکردەکانی بە وردی و بەردەوامی.

دوای تەواوبوونی وێنە هەواڵگرییەکە و دەستنیشانکردنی ئامانجەکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی پرۆسەی هاوکاتی لە چەند پارێزگایەک ئەنجامدا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە سەرکردە و ئەندامانی پێکهاتەکە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ئامێر و بەڵگەنامە و هۆکارەکانی پەیوەندیکردن کە پەیوەست بوون بە چالاکییە رێکخراوەییە قەدەغەکراوەکەوە.

دەزگاکە دەڵێ، لە کاتی یەکێک لە پەخشە راستەوخۆکاندا کە سەرکردە و ئەندامانی پێکهاتەکەی کۆکردبووەوە، وتەبێژی فەرمی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەرشەد حاکم، بە شێوەیەکی لەناکاو لە ناو هەمان پەخشدا دەرکەوت و رایگەیاند، کە پەخشەکە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی دەزگاکە و ئەوەی بە نهێنی بەڕێوە دەبرا ئێستا بە تەواوی لەبەردەم دەزگا پەیوەندیدارەکاندا ئاشکرایە.

ئەو دزەکردنە بووەتە هۆی شۆک و پشێوییەکی گەورە لە نێوان بەشداربووانی ناو پەخشەکەدا، ئاسایشی نیشتمانی دەڵێ، بێدەسەڵاتییەکی تەواو بۆ وەڵامدانەوە یان تێگەیشتن لەوەی روویداوە بۆیان قورس بووە، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی سەرکردەکانی پێکهاتەکە لە ماوەی رابردوودا لە ناوخۆی دەزگاکەوە بەڕێوەدەبران و چاودێری هەواڵگرییان دەکرا.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەکارەکانی بۆ ئەو رێکخراوە قەدەغەکراوە و ناوەستێ و دەڵێ، پڕۆسەکانی ئەم دواییە کۆتایی هەوڵەکان نین، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی فراوانترن لە بەدواداچوون و راوەدوونان و هەڵوەشاندنەوەی پاشماوەکانی ئەم تۆڕە قەدەغەکراوانە و هێڵەکانی پەیوەندییان.