هاوڵاتیان قسە دەکەن
نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکوک سەلامەتن
کاروان ساڵحی
ئاگرەکەی ئەمشەوی نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکوک باش بوو بێ زیان بوو، هاوڵاتیانیش دەڵێن، نەخۆشەکانیان بۆ سەلامەتی کردە دەرەوە و بەشێکیشیان هەر رۆیشتنەوە ماڵەوە.
ئەمشەو هەینی 8.5.2026 ئاگرێک لە بەشی راوێژکاریی منداڵانی نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکوک کەوتەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی زوو گەیشتن و کۆنتڕۆڵیان کرد.
964 قسەی لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتی کرد، کە لە ژوورەوە بوون، یەکێک لەوان لە ناو تەکسییەوە قسەی کرد و دیار بوو بە نیازی ماڵەوە بوو، “سەرجەم نەخۆشەکان باش بوون و زۆربەشیان دەرکرانەدەرەوە و لە نزیک شۆستەی نەخۆشخانە بوون”.
گەنجێکیش بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، “لە قاتی پێنجەم بووم و دکتۆرەکان وتیان رابکەن بڕۆنە دەرەوە، ئاگر لە ئیستشارییەکە کەوتووەتەوە”.
هەروەها یەکێکی دیکەش وتی، سوپاس بۆ خوا هەمووان سەلامەتن.
هێشتا بەرگریی شارستانیی کەرکوک هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی رانەگەیاندووە و پێدەچێت خەریکی لێکۆڵینەوە بن.
نوێکرایەوە 11:44
دکتۆر ئەرجان محەمەد بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک بۆ 964 وتی، ئاگرەکە لە دوو ژووری بەشی ئیستیشاری کەوتووەتەوە ، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە جامەکانیان شکاندووە، بۆ ئەوەی دوکەڵەکە دەربچێت.
وتیشی، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تیمەکانی خۆیان و تیمی بەرگریی شارستانی کۆنتڕۆڵیان کردووە.
“سەرەتا بۆ ئەوەی زیانی گیانی نەبێت داوای چۆڵکردنی نەخۆشخانەمان کردبوو، یاخود بێنە خوارەوەی نەخۆشخانەکە، بەڵام ئێستا کۆنتڕۆڵ کراوە و تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی شوێنی ئاگرەکەن و نەخۆشەکان دەگەڕێنەوە ناو قاوشەکان، دکتۆر ئەرجان محەمەد وای وت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا