لە چاکسازی گەورانی هەولێر

پەیوەندیکردنی “دەنگ و رەنگ” لەنێوان سزادراوان و خێزانەکانیان لە زیادبوون دایە

فەرهاد حەسەن

چاکسازی گەورانی هەولێر دەڵێت ژمارەی ئەو پەیوەندیە “دەنگ و رەنگ”انەی کە رۆژانە لەنێوان سزادراوان و کەسوکاریان ئەنجام دەدرێت لە زیاد بووندایە بە جۆرێک تەنیا لەماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە هەزار و 100 پەیوەندی ئەنجامدراون.

چاکسازی ئەمەی ناولێناوە، خزمەتگوزاری پەیوەندی دەنگ و رەنگ وەکو پاڵپشتی مرۆیی لە نێوان سزادراو و خێزانەکاندا ماوەی پێنج ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆکارێکی گرنگ بۆ نزیککردنەوەی سزادراوان بە خێزان و کەسوکارەکانیان.

ئاماژە بەوەکراوە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران بۆ پاراستنی ماف و بارودۆخی مرۆیی سزادراوان، خزمەتگوزاری پەیوەندی دەنگ و رەنگ وەک یەکێک لە گرنگترین خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بەردەوام بەڕێوەدەچێت.

ئەم خزمەتگوزارییە لە ژێر سەرپەرشتیاری توێژەران و هێزی جێبەجێکاردا، بە شێوازی پەیوەندی راستەوخۆی دەنگ و رەنگ لە رێگەی بەرنامەکانی WhatsApp و Viber ئەنجام دەدرێت.

تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوودا، زیاتر لە هەزار و 130 پەیوەندی بۆ سزادراوانی ناو بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوە، ئەمەش تایبەتە بەو سزادراوانەی کە بیانین یان کەسوکارەکانیان لە دەرەوەی وڵاتن، یان لە دۆخی نەخۆشی و پەککەوتوویی دان، بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەی تەکنەلۆژیای نوێوە خێزانەکانیان ببینن و پەیوەندی مرۆییان بەردەوام بێت.