شێخ مورشد خەزنەوی کەسایەتی دیاری ئاینی
لەسەر رووداوەکان هاتەدەنگ
شێخ مورشید خەزنەوى:خوێنی کورد دەبێت پارێزراو بێت
964+
وریا فەتاح
شێخ مورشید مەعشوق خەزنەوى، کەسایەتیی ئایینیی ناسراوی کورد و رۆژئاواى کوردستان لەبارەى رووداوەکانى رۆژئاواى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “خوێنی کورد دەبێت پارێزراو بێت، نابێت کەرامەتیان پێشێل بکرێت، مافەکانیشیان جێگەی مامەڵە و دانوستان پێوەکردن نییە”.
دەشڵێت: پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەو مانایە نایەت کە لە ئاست ستەمدا بێدەنگ بین، هەروەها رەتکردنەوەی ئاژاوە و فیتنە بەو مانایە نایەت کە دەستبەرداری مافەکانمان ببین.
پەیامى ئەو کەسایەتییە ئاینییە دواى ئەوەهات، لە رۆژانى رابردوودا، شەڕفانێکى پێشووى هەسەدە لەلایەن چەکدارانى هۆزێکى عەرەبییەوە لە دێرەزوور بەشێوەیەکى دڕندانە کوژرا و لە کاردانەوەى ئەو رووداوەش گەنجانى کورد لە کۆبانێ دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و دواتر ژمارەیەکیان لێ دەستگیرکرا، بەڵام بەهۆى رووداوێکى نادیارى ئاگرکەوتنەوە لەناو زیندانێک لە کۆبانێ، هەشت گەنج گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکى تریش بریندار بوون.