"سەیارەکانتان لەسەرەدا جێبهێڵن سزا دەدرێن"

قایمقامیەتی سەیدسادق رێنمایی تازە لەسەر بەنزین دەداتە شۆفێران

964+

شۆڕش قادری

لیژنەی سوتەمەنی قایمقامیەتی سەیدسادق رێنمایی تازە دەداتە شۆفێران و دەشڵێت، شەوان سەیارەکانتان لەسەرەدا بەجێبهێڵن سزا دەدرێن.

لیژنەی سوتەمەنی قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق لە ئاگادارییەک بۆ هەموو شۆفێرانی سنوورەکە دەڵێت، لەپێناو باشتر بەڕێوەچوونی دابەشکردنی بڕە بەنزینی 750 دیناری پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:

1- بەهیچ شێوەیەک شۆفێران شەوان ئوتومبێلەکانیان بەبێ شۆفێر بەجێنەهێڵن لەنزیک بەنزینخانەکان، ئەمەش لەپێناو روونەدانی هیچ رووداوێکی نەخوازراو، بەپێچەوانەوە لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە سزای دارایی دەدرێن و پسوڵەیان بۆ دەکرێت.

2- لەبەنزینخانەی (سینان) پاس و پیکاب بەیەک ریز سەرە بگرن و جیانەبنەوە و دوو ریز دروست نەکرێ و لە بەنزینخانەی یاوەریش بەهەمان شێوە ئوتومبێلی تایبەت و تەکسی بەیەک ریز بوەستن و دوو ریز دروست نەکەن، واتا جیانەکرێنەوە و نابێت بکرێت بە رێزی تایبەت بەجیا و ریزی تەکسی بەجیا یان ریزی پیکاب بەجیا و ریزی پاس بەجیا.

لیژنەی سوتەمەنی قایمقامیەتی سەیدسادق داوایش لە شۆفێران دەکات، پابەندی رێنماییە تازەکە بن بۆئەوەی بتوانرێ بڕە بەنزینی دیاری کراو بەبێ گرفت دابەش بکرێت.