لە هەولێر بوو بە ئەلیکترۆنی
هێمن میرانی: مامەڵەی بەناوکردن هەمان رۆژ تەواو دەکرێ
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پرۆسەی نوێی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر دەستی پێکردووە و بەشێکە لە پرۆژەی ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاتووچۆ.
هێمن میران بە 964ـی وت، بەهۆی زۆریی مامەڵەکان لە هەولێر، جێبەجێکردنی پرۆسەکە پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتر هەبووە، سیستمەکە سەرتاسەریە و ئێستا هەمان ئامادەکارییەکان لە سلێمانی، هەڵەبجە، زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕینیش بەردەوامە.
بەپێی ئەو زانیارییە، پرۆسەکە لە هەولێر سەرەتا لە بەشی بارهەڵگر دەستی پێکردووە و ساڵیانەی نوێ بە شێوەی کارتێکی بچووک و بە ستانداردی نوێی ئەمنی و کوالێتی دەردەچێت.
بە وتەی میرانی، مامەڵەی گواستنەوە یان بەناوکردن هەمان رۆژ تەواو دەبێ، وە دەبێت خاوەنداریەتی ئۆتۆمبێل لە ماوەی 90 رۆژدا بگوازرێتەوە، بۆ رێگریکردن لە کێشە یاسایی و میراتییەکان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا