"داواکارین حکومەت خاسی کاتۆ"
رووخانی پردی قەرەچەم لە گەرمیان هاتوچۆی سەخت کردووە
964+
میلاد جەلال- کەلار
دانیشتوانی گوندەکانی ئەوبەری رووباری سیروان لەگوندی قەرەچەم گردبوونەوە، بەھۆی روخانی پردی ئەو گوندەوە رێگای ھاتوچۆیان نەماوە و دەبێت رێگایەکی دوورتر ببڕن بۆ گەیشتن بە گوندەکانیان.
نزیکەی مانگێک دەبێت بەھۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی روباری سیروان بەشێکی پردەکە روخاوە و پردەکە کەوتووەتە ناوەراستی رووبارەکە.
خەلیفە عەزیز، دانیشتووی یەکێک لەو گوندانەیە بە 964ى وت،”ھیچ داواکاریەکمان نیە تەنھا چاککردنی ئەو پردە نەبێت، ئەوپردەمان بۆ چاکبکەن خۆمان خۆمان دەژیەنین”.
محەمەد عەبدولرەحمان، یەکێکی دیکەیە لە دانیشتوی گوندەکانی ئەوبەری سیروان بە 964ى وت،”ئەگەر بمانەوێت سەردانی گوندەکانمان بکەین دەبێت بڕۆینە مەیدان یان ساڵەح ئاغا، ئەمەش رێگاکەمان زۆر دوورەکاتەوە”.
ئاماژە بەوەش کرد، لەپردەکەی قەرەچەم بە چارەکێک دەڕۆینە گوندەکانمان، بەڵام بە رێگای مەیدان بڕۆین زیاتر لە کاتژمێرێکمان پێدەچێت.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح