پۆینت تو پۆینت و خاڵ بۆ خاڵ
کامێراکانى سەر رێگاى کەلار- کفرى کەوتنە کار
میلاد جەلال- گەرمیان
کاتژمێر 10ـى ئەمڕۆ یەکشەممە 7.6.2026، کامێراکانى تۆمارکردنى تیژڕۆیى لەسەر رێگاى کەلار بۆ کفرى کەوتنەکار.
دوورى نێوان کەلار و کفرى نزیکەى 43 کیلۆمەترە، 16 کامێرا لە هەردوو سایدەکە ئامادەن بۆ ئەوەى سەرپێچییەکان تۆمار بکەن.
کامێران جگە لە کامێراى یەکەم لە کاتى دەرچوون لە کەلار و هەروەها کامێراى یەکەم لە کاتى دەرچوون لە کفرى کە “وەن پۆینتن”، سەرجەمى کامێراکانى دیکە پۆینت توو پۆینتن.
سامان عەلى، وتەبێژى هاتوچۆى گەرمیان بە 964ـى وت،”هۆکارى ئەوەى کە کامێراى یەکەم لە کاتى دەرچوون لە کەلار “وەن پۆینتە” بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دواى دەرچوون لەو کامێرایە قەزاى رزگارى دێت، دەکرێت ئۆتۆمبێلێک بە خێرایى سەروو 80 کیلۆمەتر لەو کامێرایە بدات، بەڵام نەگاتە کامێراى دووەم، لابدات بۆ رزگارى، بۆیە ئەوەیان “وەن پۆینتە”.
خێرایى رێگەپێدراو 80 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، ئەگەر شۆفێران لەسەرووى ئەوەوە لە کامێراکان بدەن، بە سەرپێچى بۆیان هەژمار دەکرێت.
جیاوازى نێوان کامێراى “وەن پۆینت” و “پۆینت توو پۆینت” چییە؟
سیستمی وەن پۆینت (کۆنترۆڵ لە یەک خاڵەوە): ئەم سیستمە تەنها لە یەک شوێنی دیاریکراودا چاودێری خێرایی یان جووڵە دەکات. بۆ نموونە، کاتێک ئۆتۆمبێلەکە لای کامێراکە تێپەڕ دەبێت، کامێراکە تەنها لەو چرکەسَاتەدا خێراییەکەی دەپێوێت، ئەگەر شۆفێرەکە پێش گەیشتن بە کامێراکە خێرا بڕوات و ڕێک لەبەردەم کامێراکەدا پێ بنێت بە برێکدا (فرێندا)، کامێراکە ناتوانێت سەرپێچییەکەی تۆمار بکات. ئەم شێوازە زیاتر بۆ چاودێریکردنی شوێنە گرنگەکان، وەک ترا فیکەکان یان یەکتربڕە مەترسیدارەکان بەکاردێت.
سیستمی پۆینت توو پۆینت (کۆنترۆڵ لە نێوان دوو خاڵدا): ئەم سیستمە زیرەکترە و پشت بە پێوانەکردنی “تێکڕای خێرایی” دەبەستێت لە نێوان دوو خاڵی جیاوازدا (خاڵی سەرەتا و خاڵی کۆتایی). کاتێک ئۆتۆمبێلێک لە کامێرای یەکەم لادەدات، کاتەکەی تۆمار دەکرێت، و کاتێک دەگاتە کامێرای دووەم، دیسان کاتەکەی تۆمار دەکرێتەوە؛ پاشان سیستمەکە ئەژماری دەکات کە ئایا بەپێی یاسا دەبوو ئەو مەودایە لە چەند خولەکدا ببڕێت. لێرەدا کەمکردنەوەی خێرایی تەنها لەبەردەم کامێراکەدا سوودی نییە، چونکە ئەگەر شۆفێرەکە لە نێوان دوو کامێراکەدا زۆر خێرا لێیخوڕیبێت، کاتی گەیشتنی پێشوەختە دەبێت و سزای سەرپێچییەکەی بۆ ئەژمار دەکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح