سزای زبڵ فڕێدان بۆ کامێرانی تیژڕۆیی زیاد دەکرێت

لە هەر ئۆتۆمبێلێکەوە زبڵ فڕێ بدرێت خاوەنەکەی سزا دەدرێت

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم فڕێدانی زبڵ و خاشاکی لەناو ئۆتۆمبێل و لەسەر ماتۆڕسکیل قەدەغە کرد و رایگەیاند، لە هەر ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلێکەوە زبڵ فڕێ بدرێت خاوەنەکەی 40 هەزار دینار سزا دەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکەدا شۆفێران و سەرنشینان ئاگادار دەکاتەوە، کە لە کاتی رۆیشتن یان وەستانی ئۆتۆمبێل، قەدەغەیە شۆفێر یان سەرنشین، هەر جۆرە زبڵ و خاشاکێک فڕێ بداتە سەر شەقام و شۆستەکان.

لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، لە هەر ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێکەوە، ئەم سەرپێچییە بکرێت، خاوەنەکەی بڕی 40 هەزار دینار سزای دارایی دەدرێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئەم سزایەبۆ هەموو سیستمەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی وەکو PDA و کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی و چاودێری زیاد دەکرێت.

هاتوچۆی هەرێم باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئەفسەری هاتوچۆ راستەوخۆ ئەو سەرپێچییە ببینێت یان بە ڤیدیۆی تۆمارکراو لەلایەن هاوڵاتییانەوە بۆ پلاتفۆرمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ رەوانە بکرێت، ئەوا دەسەڵاتی دەدرێتێ کە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە سزا بدات.

ئەو بەڕێوەبەرایەتیە داوا لە هاونیشتیمانیان دەکات هاوکاربن لە پاراستنی ژینگە و خۆیان لە فڕێدانی زبڵ و خاشاک بپارێزن، هەروەها  بە ناردنی ڤیدیۆ و وێنە هاوکار بن لە ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی هاتوچۆ لە سەرپێچیکاران.