"چین" دێتە ناو هاوکێشەکە
46 ساڵ لەمەوبەر پێشبینی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی لە تەنگەی هورمز کراوە
964+
فەر هاد حەسەن
هەموو جیهان ئێستا بە تەنگەی هورمزەوە سەرقاڵە، جا ئایا ئەوەی ئێستا روودەدات ئەو جەنگەایە کە باسیان کردووە، یاخود هێشتا گڕکانەکە ماوە بکوڵێت و جەنگە جیهانییەکە دەستپێبکات؟
گۆڤاری “العربی” کە لە وڵاتی کوێت دەردەچوو، لە ژمارەی 256ی ساڵی 1980 دا، نوسیویەتی: “تەنگەی هورمز؛ دەروازەی جەنگی جیهانی سێیەم”.
نووسیویەتی: هەشت وڵات سەرپەرشتی رێڕەوە ئاوییە جیهانییەكە دەكەن كە ئەوانیش بریتین لە كوێت، عێراق، ئیمارات، سعودیە ، قەتەر ، بەحرێن ، ئێران و عومان.
ئەوكات، تیمێكی گۆڤارەكە بەدواداچوونێكی مەیدانیان بۆ ئەم ناوچەیە كردووە باس لەوەدەكات بۆ چۆنیەتی تێپەڕینی بارهەڵگر و نەوت هەڵگرەكان ئەوكات كێشەیەك لەنێوان هەردوو وڵاتی ئێران و عومان دروستبووە، ئێران لە دوورگەی قشەم و عومانیش لە دوورگەی سەلامە كۆنتڕۆڵیان بەسەر شوێنی بەرتەسكبوونەوەی رێڕەوە ئاوییەكە هەبووە، دەڵێت، ئەوكات بۆئەوەی شەڕ و ئاڵۆزی لەناوچەكە دروست نەبێت پلانێكی نوێ بۆ هەردوو وڵات داندرا و لەساڵی 1974 لەتاران رێككەوتنامەیان ئیمزا كرد و بەهۆیەوە خاڵی چاودێریكردنی هەردوو وڵات لەسەر رێڕەوە ئاوییەكە دیاریكرا.
گۆڤارەكە باسی لەوە كردووە كە رەنگە ئەم رێكەوتنەی نێوان هەردوو وڵات تاسەر نەبێت و چونكە لەداهاتوو بەهۆی دەستوەردانی وڵاتانی گەورە، ئەگەر جەنگی جیهانی سێیەم سەر هەڵبدات، بێگومان لێرە لە تەنگەی هورمزەوە دەبێت.
جا ئەگەر سەیری واقیعی ئێستا ناوچەكە بكەین، دەتوانین بڵێین لەناو ئەو دۆخەدا دەژین کە ئەو گۆڤارە كوێتییە 46 ساڵ لەمەوبەر پێشبینی كردبوو.
ئێران هەڕەشەی راگرتنی جوڵەی کەشتییەکان دەکات و ئەمریکاش گەمارۆی سەر ئەو جوڵەیەی سەپاندووە، كەواتە ئێستا جیهان باجی “جەنگی تەنگەی هورمز” دەدات.
گرنگی و هەستیاری ئەم بابەتە دەمێكە لە رووی نێودەوڵەتیشەوە هەستی پێكراوە و بووەتە هۆی نیگەرانییەکی گەورە بۆ وڵاتانی جیهان، بۆیە لە ساڵی 1982 پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان رێکخرا، بۆ ئەوەی کەشتییە بازرگانییەکان مافی تێپەڕبوونی ئازادیان هەبێت، ئێران واژۆی لەسەر پەیماننامەکە کردووە، بەڵام پەسەندی نەکردووە (تصدیق)، بۆیە ئێستا ئەو رێڕەوە ئاوییە جیهانییە وەک چەکێک بەکاردێنێت بۆ گوشار خستنە سەر کەشتییەکان.
شارەزایانی ئابووری و ستراتیژی کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ کارەساتێکی ئابووری گەورە، کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئاسایی؛ چ لە رێگەی گرانبوونی کاڵاکان یاخود پچڕان و دەستڕانەگەیشتنیان بە پێداویستییەکان.
لەم نێوەندەدا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کەوتوونەتە جوڵە بۆ رێگریکردن لەم کارەساتە، یەكێك لەوانە وڵاتی چینە کە پەیوەندییەکی ئابووریی زۆر بەهێزی لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەمانکاتدا دۆستی وڵاتانی عەرەبیشە، بۆیە ئێستا بە دەنگێکی بەرز داوای ئازادیی هاتوچۆ لە تەنگاوی هورمز دەکات.
هەرچەندە پێشتر وڵاتی چین مافی “ڤیتۆ”ی بەکارهێنا دژی پڕۆژەبڕیاری کردنەوەی هورمز، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە، وەک دەوترێت: “دۆست لە کاتی تەنگانەدا دەردەکەوێت، بۆیە دەپرسین ئاخۆ ئەم وڵاتە بەهەڵوێستێكی دیكەوە دێتە ناو گۆڕەپانەكە؟
قسە لەسەر ئەوەش دەكرێت، كە بەهۆی گۆڕانی دۆخەكە، ئاخۆ كام لەم وڵاتانە زووتر دەشكێت و خۆی بەدەستەوە دەدات، ئێران یان ئەمریكا یاخود وڵاتی چین؟
دۆناڵد ترەمپ وەكو لایەنی ئەمریكی گەمارۆیەکی دەریایی سەرتاسەری خستووەتە سەر ئێران، هەمان ئەو ستراتیژییەی دووبارە کردووەتەوە کە لە فەنزوێلا بەکاری هێنا، بەڵام ئەمجارە زۆر توندتر و بکوژترە.
وا دیارە چین یەکەم وڵات دەبێت کە باجی ئەم جەنگە بدات، چونكە داخستنی تەنگەی هورمز وایکرد ئەم وڵاتە بێبەش بێت لە نەوتی وڵاتانی کەنداو، کە ٤٠٪ی کۆی هاوردەی نەوتی چین پێکدەهێنن.
لە ناوخۆی ئەمریکاشدا، بەکارهێنەران لە وێستگەکانی بەنزین هاواریان لێ هەستاوە، دوای ئەوەی نرخی یەک گالۆن بەنزین چوار دۆلاری تێپەڕاند.
ئێرانیش هەڕەشەکانی بوونەتە راستی، كە خاوەنی شەش هەزار مینی دەریایی “زیرەک”ە. ئەم مینانە لە قووڵایی دەریادان و پاککردنەوەیان کابووسێکی تەکنیکییە و کاتێکی زۆری دەوێت و بەهۆی ئەم مەترسییانەشەوە، بیمەی دەریایی بە رێژەی 500٪ زیادی کردووە. ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی 95٪ی جوڵەی کەشتییەکان.
لێرەدا چەند سیناریۆیەك سەرهەڵدەدەن بۆ ئایندەی ئەم پێشهاتە ترسناكە، ئەویش ئەوەیە ئەگەری هەیە بە درێژەكێشانی ئەم دۆخە دراوی ئێران دابڕمێت و کارگە چینییەکانیش بەشێكیان پەکیان بكەوێت، جا ئایا تاران و پەکین ناچار دەبن مەرجە نوێیەکانی واشنتۆن قبوڵ بکەن.
سیناریۆی دووەمیش ئەوەیە، چین بڕیار بدات بە کەشتیگەلی جەنگی پارێزگاری لە نەوتهەڵگرەکانی بکات، کە ئەمەش گەمارۆ دەریاییەکە دەگۆڕێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی راستەوخۆ و چارەنووسی سەدەی بیست و یەک دەگۆڕێت.
كەواتە، کێ یەکەم کەس دەبێت، کە لە ژانی ئازارە ئابوورییەکە، هاواری لێ هەڵدەستێت؟ واشنتۆن یان پەکین ياخود ئێران؟