زیاتر لە 100 دەزگا و هەزاران ناونیشان

یەکەمین پێشانگای کتێبی کوردی بۆ ماوەی هەفتەیەک لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

فەرهاد حەسەن:

بڕیارە یەکەمین پێشانگای کتێبی کوردی لە هەولێر بۆ ماوەی هەفتەیەک بەڕێوەدەچێت و بەپێی راگەیەندراوێکی لیژنەی ئامادەکاری، ئەم پێشانگەیە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی چالاکییە رۆشنبیرییە کوردییەکاندا و پێوەست بە کتێبی کوردی، بەو ئاست و فراوانییە رێکدەخرێت.

پێشانگاکە لە رۆژانی 4 تاوەکو 10.6.2026 لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لەناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەدەچێت.

لە راگەیەندراوەکەدا بەس لەوەکراوە، کە نزیکەی یاخود زیاتر لە 100 وەشانخانە، دەزگە و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە باشووری کوردستان و دەرەوە بەشداری پێشانگاکە دەکەن، بۆ پیشاندانی هەزاران ناونیشانی کتێب و بەرهەمی فکری و ئەدەبی و زانستی.

تایبەتمەندی ئەم پێشانگەیە تەنیا لە ژمارەی بەشداربووان و قەبارەی بەرهەمەکاندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە بۆ یەکەمجار هەوڵێکی هاوبەش و فراوان بۆ کۆکردنەوەی بوارە جیاوازەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە ژێر یەک چەتردا ئەنجام دەدرێت.

هەروەکو لیژنەی ئاماداکاری چاوەڕوان دەکات، پێشانگاکە جگە لە خستنەڕووی کتێب و بەرهەمە چاپکراوەکان، ببێتە شوێنێک بۆ دیدار، گفتوگۆ، ناساندنی بەرهەمە نوێکان، پەیوەندی نێوان نووسەر و خوێنەر و بەهێزکردنی جوڵەی رۆشنبیری و خوێندنەوە لە کۆمەڵگەدا.

بەڕێوەبەرانی پێشانگاکە هیوادارن ئەم هەنگاوە ببێتە بناغەیەک بۆ دامەزراندنی نەریتێکی ساڵانە و گەشەپێدانی پانتاییەکی تایبەت بۆ کتێب و رۆشنبیریی کوردی.

دەشڵێن “ئەم پێشانگەیە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی چالاکییە رۆشنبیرییە کوردییەکاندا و پێوەست بە کتێبی کوردی، بەو ئاست و فراوانییە رێکدەخرێت و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین رووداوە رۆشنبیرییەکانی ساڵی 2026”.