پەیام گۆڕینەوەی ئێوان تاران و واشنتۆن بەردەوامە
بەقایی: بەڵێنەکانی ئەمریکا لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان جێگەی گومانە
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەرچەندە ئاڵوگۆڕی پەیامەكان بەردەوامە بەڵام تاوەكو هەنگاوی کرداری بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان نەبینن، متمانە بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا ناکەن، لە ئێستاشدا لە جیاتی پرسی ئەتۆمی، سەرنجی تاران لەسەر راگرتنی شەڕ و چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیەتی بەسەر گەرووی هورمزدایە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەرچەندە ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە هیچ رێکەوتنێک.
دەشڵێت “ئێران بە گومانەوە سەیری بەڵێنەکانی ئەمریکا دەکات سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان و داوا دەکات ئەم هەنگاوە وەکو کردارێکی راستەقینە ببیندرێت نەک تەنیا وەک بانگەشەی میدیایی، چونکە بڕیارەکانی ئێران تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی خۆیان دەبێت نەک قسەی ئەمریکییەکان”.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند لەم قۆناغەدا باس لە وردەکارییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکە ناکەن، چونکە ئەولەویەتی سەرەکی و ئێستای ئێران تەنیا کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە ناوچەکەدا، جەختیشی کردەوە کە تاران زمانی هەڕەشە و خۆسەپاندنی وڵاتانی رۆژئاوا قبوڵ ناکات.
بەقایی گەرووی هورمزی بە ناوچەیەکی پەیوەست بە ئێران و عومان دانا و رایگەیاند کە تەنیا کەشتییە بازرگانییەکان بە هەماهەنگی هێزە چەکدارەکانی ئەوان دەتوانن تێپەڕن، جارێکی دیکەش جەختی لەسەر قەدەغەکردنی هاتوچۆی کەشتیی وڵاتانی “دوژمن” کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە هەڵگرتنی گەمارۆکان لەلایەن ئەمریکاوە، تەنیا بە مانای وازهێنان لە کارێکی نایاسایی دێت کە پێشتر دەستی پێکردووە.
ئەم قسانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا مەرجەکانی بۆ رێکەوتن لەگەڵ ئێران دیاریكرد، کە بریتین لە وازهێنانی هەمیشەیی ئێران لە چەکی ئەتۆمی، کردنەوەی بێبەرانبەری گەرووی هورمز، هەڵگرتنی گەمارۆکان و لەناوبردنی پاشماوە ئەتۆمییەکان بەبێ پێدانی هیچ هاوکارییەکی دارایی.