هورمز و ئاگربەستیش هۆکارن

نیشتنەوەی نەوت و دۆلار نرخی زێڕی هەڵفڕاندووە

فەرهاد حەسەن:

بەپێی داتاکانی بازاڕی نەوت و دراوەکان ماوەی چەند رۆژێکە نرخی نەوت دۆلار لە دابەزیندان و لەبەرامبەریشدا زێڕ بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەش بۆ ئەگەری رێکەوتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران دەگەڕێندرێتەوە.

نرخی زێڕ لە دوێنێ هەینی بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک بەرزبووەوە، هەر ئۆنسەیەک لە دوایین مامەڵەکانی ئەو رۆژەدا بە رێژەی نزیکی 0.7٪ بەرزبووەوە و بە چوار هەزار و 539 دۆلار داخرا.

نرخەکانی نەوت رۆژی هەینی دابەزین دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە لە ژووری بریاردان لە بارودۆخە نائاساییەکان لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە لەبارەی رێکەوتن لەگەڵ ئێران، نەوتی سووکی تەکساس 1.73%ی نرخەکەی لەدەستدا و بە 87.36 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داخرا، لە کاتێکدا نەوتی برێنت 1.77% دابەزی و بە 92.05 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بەشێک لە شرۆڤەکارانی بازاڕە داراییەکان دەڵێن دابەزینی نرخی نەوت و دۆلاری ئەمریکی هاندەر بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێر و ئاماژە بەوەشدەکەن، کە سەرەرای بەرزبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی نرخی زێڕ، بەڵام هێشتا بەربەست لە بەردەم بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ هەیە بەهۆی بەرزیی رێژەی سوودی بانکی و پێشبینییەکان بۆ مانەوەی رێژەی سوودی بانکی بۆ ماوەیەکی درێژتر.

هۆکارەکانی ئەم دابەزین و بەرزبوونەوەیەش بۆ گەشبینییەک بە ئەگەری رێکەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەگەڕێندرێتەوە، چونکە بەپێی چەندین سەرچاوە، رێکەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کردنەوەی تەنگەی هورمز و درێژە پێدانی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ لەخۆ دەگرێت، ئەو ماوەیەش بۆ بازاڕی ئابووری گونجاوە.