زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار حاجی لەوێ بوون

سعودیە سەرکەوتنی وەرزی حەجی 2026 راگەیاند “لێهاتووییمان سەلمێندرا”

فەرهاد حەسەن:

سعودیە سەرکەوتنی وەرزی حەجی 1447ـی كۆچی راگەیاند، کە تێیدا زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار حاجی بەهۆی رێکخستنێکی ورد و ئاسایشێکی پارێزراوەوە بە سەرکەوتویی فەریزەکانیان ئەنجامدا.

شازادە سعود بن مەشعەل بن عەبدولعەزیز، جێگری میری ناوچەی مەککە و جێگری سەرۆکی لیژنەی هەمیشەیی حەج و عومرە، سەرکەوتنی وەرزی حەجی 1447ـی كۆچی راگەیاند و جەختیکردەوە کە ئەم وەرزە شایەتی کۆمەڵە خزمەتگوزارییەکی یەکگرتوی ئەمنی و رێکخستن بووە، وایکرد میوانانی خودا بە ئاسانی و دڵنیاییەوە فەریزەکانیان ئەنجام بدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد کە “وەرزی حەجی ئەمساڵ وێنەی نیشتمانێکی نیشاندا کە بە دڵسۆزی و خۆبەخشییەوە کار بۆ خزمەتکردنی میوانانی خودا دەکات”، ئەوەشی روونکردووەتەوە کە شوێنە پیرۆزەکان بە شێوەیەکی رێکخراو و گونجاو دەرکەوتن، لە دیمەنێکدا کە یەکگرتنی هەوڵەکانی نێوان لایەنە جیاوازە بەشداربوەکانی حەجی نیشاندا.

جەختیشی کردەوە کە حەجی ئەمساڵ توانای شانشینی سعودیەی لە بەڕێوەبردنی جەماوەر بە لێهاتوییەوە سەلماند و وایکرد حاجییان لە کەشێکی ئارام و پڕ لە چاودێریدا کە شایستە بە پیرۆزی شوێن و کات بێت، مناسکەکانیان ئەنجام بدەن.

دەشڵێت “سەرکەوتنی حەج کۆتایی کارەکان نییە، بەڵکو سەرەتای بەرپرسیارێتی نوێ و پەیمانێکە کە هەمو ساڵێک نوێ دەبێتەوە بۆ پاراستنی پێگەی شانشینی سعودیە وەک منارەیەک بۆ ئاسایش و بەخشین و قیبلەیەک بۆ خزمەتکردنی ئیسلام و موسڵمانان”.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری سعودیە، ژمارەی حاجییانی ئەم وەرزە گەیشتوەتە ملیۆنێك و 707 هەزارو 301 حاجی، کە نزیکەی ملیۆنێك و 546 هەزار و 655 حاجییان لە دەرەوەی سعودیە و لە رێگەی دەروازە جیاوازەکانەوە هاتبون بۆ بەجێهێنان حەج.