ئێران وەڵامی دوا پەیامی ترەمپی دایەوە
“راستی و درۆی تێکەڵکردووە و هەوڵی دروستکردنی سەرکەوتنی دەستکرد دەدات”
فەرهاد حەسەن
کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی دوایین پەیامی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دایەوە کە کەمتر لە کاتژمێرێک پێش ئێستا لە تورس سۆشیاڵ لەبارەی رێکەوتن لەگەڵ ئێران بڵاویکردبووەوە.
ئاژانسی هەواڵی فارس بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکانی ئێران بڵاویکردووەتەوە کە لێدوانەکانی ترەمپ تێکەڵەیەک لە راستی و درۆ، دەیەوێت لەم رێگەیەوە سەرکەوتنێکی دەستکرد بۆ خۆیان دروست بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئێران کەرەستە ئەتۆمییەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە، یاخود لەناویان دەبات، دەڵێت “ئەمە خاڵێکە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیاندا ئاماژەی پێنەکراوە”.
باس لەوە دەکات کە ترەمپ نەیتوانیوە لە پەیامەکەیدا باسی مەرجی ئازادکردنی دەستبەجێی 12 ملیار دۆلاری سەروەت و سامانی بلۆککراو بکات، وەک لە ئەوەی لە یاداشتنامەکەیاندا هاتووە، دەشڵێت “تاران پێش ئەوەی ئەو پرسانەی لە یاداشتنامەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، بەهیچ شێوەیەک بەرەو قۆناغی داهاتوو هەنگاو نانێت سەبارەت بە سزاکان و پرسی ئەتۆمی”.
ئەوەش دووپات دەکاتەوە، کە رێکەوتنی کۆتایی لەسەر بنەمای هێڵە سوورەکانی ئێران و بێمتمانەیی ئێران بە ئەمریکا داڕێژراوە، “رێککەوتنەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە ئەگەر ئەمریکا پێشێلی بکات، رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی دەستبەجێ دەگیرێتەبەر”.