بیل کوپەر نەماوە

ئێستا ترەمپ بە پرسیارە ئاڵۆزەکانی کێ تووڕە دەبێت؟

964+

ژووری هەواڵ

لە درەنگانی شەوی ساڵانی نەوەدەکاندا، پیاوێک لە ئەریزۆنا لە ئەمەریکا، لە پشت مایکرۆفۆنێکەوە دانیشتبوو و قسەی بۆ ئامادەبووان دەکرد، ئەم پیاوە ناوی میلتۆن ویلیام کوپەر، ئەوەی زۆر کەس بە بیل کووپەر دەیانناسی.

کووپەر بەرنامەیەکی رادیۆیی بە ناوی “The Hour of the Time” لە درەنگانی شەودا پێشکەشی دەکردو خەڵکێکی زۆر گوێییان لێدەگرت، چونکە خەڵک پێیان وابوو کووپەر بەشی دووەمی چیرۆکەکە تەواو دەکات، ئەو چیرۆکەی هەموو کات لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە بە ناتەواوی دەگەیشتن.

قسەی سەری زمان و بنی زمانی کووپەر باسی سووپەر پاوەر بوو، ئەو هێزە کاریگەرەی هەموو شتێک هەڵدەسوڕێنێت، ئەو زۆر جار پێشبینییەکانی راست دەردەچوو، بۆ نموونە لەو کەسە دەگمەنانە بوو کە پێشبینی کرد رووداوەکانی 11ی سێپتەرمبەر رووبدەن.

کووپەر ساڵی 2001 کۆچی دوایی کرد، کەچی ئەمساڵ و دوای 25 ساڵ ناوی هاتەوە ناو ناوان، بەڵام نەک لە رێی بەرنامەکەیەوە، بەڵکو نوسینێکی ترەمپەوە.
ئەم هەفتەیە لەپڕ دۆناڵد ترەمپ پۆستێکی دوورو درێژی لە تروس سۆشیال نوسی، هەموو پۆستەکەی بۆ لێدان بوو لە چوار میدیاکاری دیار، ئەوانیش تاکەر کارلسۆن، کانداس ئۆونس، مێگین کێلی و ئەلێکس جۆنز، ئەم چوار کەسە بڕبڕەی پشتی (ماگا)ن، ئەو بزوتنەوەیەی لە دەنگدەرو هەوادارە سەرسەختەکانی ترەمپن و بەئەگەری بەهێز نوێنەرایەتی 60% دەنگدەرەکانی ترەمپ دەکەن.

هەر چوار کەسایەتییەکە قسە بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە وێڵن بۆ وەڵامی پرسیارێک: کاتێک باسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، ئەمەریکا چۆن بڕیار دەدەت؟ چۆن ناکۆکییەکان پەرە دەکێشن؟ چۆن پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوبەشەکان دەتوانن خێرایی و ئاڕاستەی رووداوەکان بگۆرن؟

لەگەڵ چڕبوونەوەی مشتومڕ لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، زۆرجار لێدوانەکان لەسەر پەیوەندی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ دەبن بە مایەی رەخنە، نەک تەنیا وەک هاوپەیمانییەکی شەخسی، بەڵکو وەک کەناڵێکی ستراتیژی، تەکەر دەڵێت 3 جار بە شەوی درەنگ چووم بۆ لای ترەمپ داوای لێبکەم شەر نەکات لەگەڵ ئێراندا، دڵنیابووم کە شەڕناکات بەڵام کردی، پرسیار دەکات کێ قسە بۆ ترەمپ دەکات؟ کێ تێچوونەکەی لە ئەستۆ دەگرێت؟ چەند بڕیارەکە خۆماڵییە و چەندی لەلایەن هاوبەشەکانەوە دەدرێت؟ هەر ئەم پرسیارانەبوون بیل کووپەر لە رادیۆییەکەیەوە لەشەوانی دەرەنگدا لە ئەریزۆناوە دەیکرد.

بەهۆی ئەم رووداوەوە دیسانەوە کلیپەکانی کووپەر هاتوونەتەوە بەر باس، بۆ گوێگرە تازەکان مایەی سەرسوڕمانە و بۆ گوێگرە کۆنەکانیش تەنیا پلاتفۆرمەکان گۆڕاون، بەڵام هەمان مشتومڕن.

ئەو کات کووپەر بە تەنیا بوو تاقە دەنگێک بوو، بەڵام ئێستا زۆرن، پرسیارەکە چیتر ئەوە نییە کە ئایا خەڵک ئەو بۆچوونە دەبیستن یان نا. پرسیارەکە وەک جۆن کەنەدی لە ساڵی 2024 وتی کە ئەوکاتە سیناتۆری ویلایەتی لویزیانا بوو لە سەر لیستی کۆماری “ئێمە دەبێت هەندێک تیۆری پیلانگێڕی نوێ دروستبکەین چونکە هەموو تیۆرییە کۆنەکان راست دەرچوون.

ترەمپ دەیەوێت

ترەمپ دەیەوێت "کەوانەی سەرکەوتن" لە واشنتن دروست بکات