"گۆڕستان و بیرە نەوتییەکان پەیوەندییان پێوە نییە"

شارەزایەکی بواری جیۆلۆجی باسی هۆکاری بوومەلەرزەکانی کەرکوک دەکات

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 20 بوومەلەرزە و پاشلەرزە لە کەرکوک و دەورووبەری روویاندا و شارەزایەکی بواری جیۆلۆجی باسی هۆکارەکانی دەکات.

سیروان مستەفا ئەندازیار و شارەزا لە بواری جیۆلۆجی بە 964ـی وت، “ئەوەی کە دەڵێن بیرە نەوتییەکانی کەرکوک هۆکارن بۆ روودانی بوومەلەرزەکان هیچ راست نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، بوومەلەرزەکان کاریگەری لەسەر بیرە ئاو و نەوتییەکان دروست دەکەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەقی بوومەلەرزەکان کەرکوک نەبوون و پێکدادانی  پلێتەکانی عەرەبی و ئێرانی، واتە ئەو هێڵەی سعودیە و وڵاتانی کەنداو و عێراق و ئێران بەیەکەوە دەبەستێتەوە، شوێنی پێکدادانەکەیە.

سیروان مستەفا زیاتر روونیکردەوە و وتی، چەقی بوومەلەرزەکان سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و شەپۆلەکانی دەگاتە لای ئێمە.

“ئەو دەنگۆیەی کە دەوترێت تێکدانی گۆڕستانێکی کەرکوک لەلایەن وەبەرهێنەرێکەوە، هۆکارە بۆ روودانی بوومەلەرزەکان، هیچ بنەمایەکی نییە و پەیوەندی بەو بابەتەوە نییە”، سیروان مستەفا وای وت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری