شاندی ئێران شەوی رابردوو گەیشتنە ئیسلامئاباد
نیویۆرک تایمز:
شاندی ئێران هەموو دەسەڵاتێکی بڕیاردانیان هەیە بەبێ گەڕانەوە بۆ تاران
ئەرسەلان عەبدوڵا
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئێرانی ئاگادار لە دانوستانەکانی پاکستان، رایگەیاند، شاندی ئێران دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ بڕیاردان لە دانوستانەکانی پاکستان و بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی هەستیار و چارەنووسسازانەی دانوستانەکان پێویست ناکات لەگەڵ تاران راوێژ بکەن.
ئەو بەرپرسانە، کە بەهۆی ئەوەی باسیان لە بابەتە هەستیارەکان بۆ رۆژنامەکە کردووە، ناویان ئاشکرا نەکردووە، روونیشیان کردووەتەوە کە موجتەبا خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەسەڵاتی بە سەرۆکی شاندەکە محەمەد باقر قالیباف بەخشیوە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن یان کشانەوە لە دانوستانەکان.
شاندی ئێران شەوی رابردوو گەیشتنە ئیسلامئاباد بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە بارەی رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە شەڕ.