باڵیۆزی ئێران ئەو پۆستەی سڕییەوە کە وتبووی ئەمشەو شاندی وڵاتەکەی دەگاتە ئیسلام ئاباد
وتبووی ئەمشەو شاندەکەیان دەگاتە ئیسلام ئاباد
باڵیۆزی ئێران لە پاکستان پۆستەکەی سڕییەوە
964+
شۆڕش قادری
باڵیۆزی ئێران لە پاکستان ئەو پۆستەی سڕێیەوە کە وتبووی، سەرەڕای پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەمشەو شاندی ئێران دەگاتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 9.4.2026 رەزا ئەمیری موقەدەم باڵیۆزی ئێران لە پاکستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردبووەوە، “سەرەڕای گومانی بیروڕای گشتی ئێران لەسەر پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن رژێمی ئیسرائیل بۆ تێکدانی دەستپێشخەری دیپلۆماسی، ئەمشەو شاندی تاران لەسەر بانگهێشتی شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان بۆ گفتوگۆی جددی لەسەر بنەمای 10 خاڵە پیشبینیکراوەکە دەگاتە ئیسلام ئاباد”.
بەڵام ئێستا کە سەیری ئەکاونتی ئەمیری موقەدەم لە ئێکس بکەی، پۆستەکەی تێدا نەماوە، ئەمانەش هەموو ئاماژەن بۆ ئەوەی کە مێزی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە پاکستان بەتەواوەتی لەق بووە و پێناچێت وا بەئاسانی دوو دوژمنە دێرێنەکە لەدەووری یەک کۆبکاتەوە.
دوای کاتژمێری 1ـی بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە 8.4.2026 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەنێوەندگیری پاکستان لەگەڵ ئێران رێککەوتوون لەسەر ئاگربەست و راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی دوو هەفتە، بۆیە بڕیاریانداوە هەردوولا شاند بنێرن بۆ ئیسلام ئاباد بۆ ئەوەی رۆژی هەینی 10.4.2026 کۆببنەوە.