شەوى رابردوو چى روویدا؟
مێزى دانوستان درزى بردووە و ئاسمانی هەرێمیش ئارام بووەتەوە
وریا فەتاح
شەوى رابردوو لە هەولێر جگە لە فڕۆکەى هاوپەیمانان، هیچ دەنگێکى تر نەبیسترا، بەڵام مێزى دانوستان لەق بوو، ئێران گەرووى هورمزى داخستەوە و ترەمپیش وتى،”لوبنان لە چوارچێوەى رێککەوتنەکەدا نییە”.
بۆ ئەوەى لە رووداوەکان دانەبڕێن، کورت و پوخت ئەو رووداوانەى لە شەوى رابردووەوە روویانداوە پێتان دەڵێین:
📌 جیاواز لە 40 شەوى پێشتر، شەوى رابردوو ئاسمانى هەرێم بێ تەق و تۆق بوو، تەنیا لە هەولێر دەنگى فڕۆکەى هاوپەیمانان بیسترا.
📌 درەنگانێکى شەو لە ناحیەى لەیلانى سنوورى کەرکوک، پێشبڕکێى نێوان دوو مێردمنداڵ بە ئۆتۆمبێل، گیانلەدەستدانى مامۆستایەکى لێکەوتەوە.
📌 باران چوار شوێنەواری کفری روخاندووە، ماڵە مێژووییەکەى مەجید پاشاى تێدایە.
📌 سەرمایە مەعریفییەکەی د. بەرهەم ساڵح و رۆژنامەنووسی کۆچکردوو بەڵێن ساڵح بەخشران بە بنکەی ژین.
📌 چل رۆژ زیاترە ئاسمانى عێراق بێ فڕۆکەى مەدەنییە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقیش رایگەیاند، ئەگەر هیچ روونەدات سبەینێ گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.
📌 سودانی بە تەلەفۆن بە ماکرۆنی وتووە، هێزە ئەمنییەکان ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر سەربازە فەڕەنسییەکان لە نزیک هەولێر.
📌 مێزى دانوستان و ئاگربەست درزى بردووە، لێدوانەکانى ترەمپ و هێرشى ئیسرائیل لەسەر لوبنان و داخستنى گەرووى هورمز، ئاماژەى نادڵنیایین بۆ لوتکەى ئیسلام ئاباد.
📌 لە هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسەر لوینان نزیکەى 100 کوژرا و 700 بریندارى لێکەوتووەتەوە.
⭕️ ئێران دەڵێت، بەبێ لوبنان بەشدارى دانوستان ناکەین.
⭕️ترەمپ وەڵامى دانەوە: لوبنان بەشێک نییە لە دانوستان و ئاگربەست.
📌 ئێران وەک هەڵوێستى کردەیى گەرووى هورمزى داخست.
📌 گرژییەکان بەرە بەرە توند دەبوون، تا گەشت بەوەى قالیباف تویتێکى کرد و وتى،” هێشتا کۆبوونەوەى ئیسلام ئاباد دەستی پێنەکردووە، کەچى ئەمریکا سێ خاڵى “چوارچێوەى رێککەوتنەکەى پێشێلکردووە، بۆیە نە ئاگربەستی دوولایەنە مانای هەیە و نە دانوستانەکان”.
📌 ئینجا دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە لە ئاگربەستەکە پرس بە ئیسرائیل نەکراوە و لە دواساتەکان پێى وتراوە.
📌 بەڵام هەر زوو ناتانیاهۆ هاتە دەنگ و وتى،”ئاگادارى ئاگربەستەکە بووم لەیەکەم ساتەوە و ئێران بە شکستى هێنراوەتە سەر مێزى گفتوگۆ، ئاگربەستیش ماناى کۆتایى جەنگەکە نییە، چونکە بە رێککەوتن بێت یان بەشەڕ، یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە لە ئێران دەردەهێنین”.
📌 کەناڵ 13ـى ئیسرائیلى قسەیەکى تر دەکات و دەڵێت: پێش راگەیاندنی ئاگربەست ناتەنیاهۆ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپ کردووەو پێی وتووە ئەو دژی رێککەوتنە لەگەڵ ئێران.
📌 ئاژانسی رۆیتەرزیش لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە: ئیسرائیل فشاری لە ئیدارەی ترەمپ کردووە لەگەڵ ئێران نەگەنە رێککەوتن.
📌 لەوسەرو بەندانەدا، میدیاى ئێرانى رایگەیاند، ئاگربەست پێشێلکراوە و لەلایەن دوژمنەوە هێرش کراوەتە سەر چەند ناوچەیەک لە دەوروبەری تارانی پایتەخت.
📌 ئەم بەرەبەیانییەش ترەمپ چەند پۆستێکى کردووە کە ئەمە گرنگترین لێدوانەکانین:
⭕️ هەموو کەشتی، فڕۆکە و کارمەندە سەربازییەکانمان لە ناوچەکە دەمێننەوە تا ئەو کاتەی رێککەوتنە راستەقینەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.
⭕️ ئەگەر بە هەر هۆکارێک پابەند نەبن، ئەوا هێرش دەستپێدەکات بە شێوەیەک کە پێشتر کەس نەیبینیبێت.
⭕️ لەمێژە لەسەر ئەوە رێککەوتووین: چەکی ئەتۆمی قەدەغەیە و گەرووی هورمز کراوە و پارێزراو دەبێت.
⭕️ سوپا مەزنەکەمان خەریکی بارکردنی تەقەمەنی و پشوودانە و ئامادەی جەنگن.
⭕️ ئەوکاتەى پێویستمان بە ناتۆ بوو لەوێ نەبوون، جارێکى تریش لەوێ نابن کە پێویستمان پێبوو.