دوێنێ شەو چی روویدا؟
خۆپیشاندانەکای کەرکوک گرژی تێکەوت و ئەمریکا هێرشی کردە سەر دوورگەی قشم
ژووری هەواڵ
لە دوێنێ شەوەوە تا ئەم بەرەبەیانە هەرچییەک لەناوخۆ و جیهان روویداوە کورت و پوخت لێرە بیخوێنەوە:
📌خۆپیشاندانەکان لە دژی گرانی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان شەویش بەردەوام بوون و لە چەند گەڕەکێکی کەرکوک خەڵک لەسەر شەقام مانەوە و
مۆلیدەکانیش کاریان نەکرد و کەرکوک بێ کارەبا بوو.
📌 رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکوک فەرمانی بە رابیتەی موەلیدە ئەهلییەکان کرد کار بە موەلیدەکانیان بکەن و رەزامەندی وەزارەتی کارەباشی وەرگرت، پشکی کەرکوک لە کارەبای نیشتمانی لە 650 مێگاواتەوە بکرێت بە 800 مێگاوات تا کێشەی موەلیدە ئەهلییەکان چارەسەر دەکرێت.
📌رەوف محێدین, بەرپرسی یەکەی سەرپەرشتیاری بنەڕەتی خوێندنی کوردی لە کەرکوک رایگەیاند بەهۆی کێشەی کارەباوە قوتابیان ناتوانن بە باشی خۆیان بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە بکەن، بۆیە بڕیاری دواخستنی تاقیکردنەوەکان درا.
📌لەدوای ئەوەی ریبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکوک فەرمانی بە رابیتەی موەلیدە ئەهلییەکان کرد کار بە موەلیدەکانیان بکەن، خاوەنی مۆلیدەکان لەبەردەم قایمقامییەتی کەرکوک گردبوونەوە و وتیان، مۆلیدەکان ناخەینەوە کار تا گۆڕانکاری لە نرخەکاندا نەکەن و گازی زیاترمان بۆ دابین نەکەن.
📌نزیکی کاتژمێر 10:00 خۆپیشاندانەکانی کەرکوک، گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت و لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی فریاکەوتن لە نزیک پردی عەرەفە رووبەڕووبوونەوە روویدا و بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە سوپای عێراق هاتە نێو شارەکە
📌نزیک کاتژمێر 9:00ـی شەو لە بازاری سوڵتان موزەفەر لە هەولێر ئاگر لە باڵەخانەی ئەسعەدی لە شەقامی سوڵتان موزەفەر کەوتەوە و دوای نزیکەی کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا و شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، ئەوانەی لەناو باڵەخانەکە بوون رزگار کران و کەس زیانی بەرنەکەوت.
📌میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دوورگەی قشم بیستراوە
📌 وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکەوە بڵاوی کردەوە، ئەمریکا هێرشێکی کردووەتە سەر دوورگەی قشم لە باشووری ئێران.
📌فۆکس نیوز ئاشکرای کرد هێرشەکەی ئەم بەرەبەیانەی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی قشم لە باشووری ئێران، وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ تەقەکردن لە فڕۆکەیەکی ئەمریکی لەو ناوچەیەدا.
📌تۆڕی نیوز نەیشنی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە: واشنتن چەند ئامێرێکی رادار و سەکۆی هەڵدانی مووشەکی لە دوورگەی قشمی ئێران کردووەتە ئامانج.
📌 ترەمپ: رەنگە ناچار بین چیای تەور لە ئێران بکەینە ئامانج و دەتوانین تەنیا لە ماوەی یەک کاتژمێردا ئەوە جێبەجێ بکەین.
📌بەپێی وتەی دەسەڵاتدارانی رووسیا، دوێنێ شەو بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بەرپەرچی 493 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان داوەتەوە کە بەرەو مۆسکۆ ئاراستە کرابوون.
📌ترەمپ هانی کۆمارییەکان دەدات بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا بکەن: ئەگەر لایەنگرانمان دەنگ بدەن، سەرکەوتنێکی گەورە و یەکلاکەرەوە بەدەستدەهێنین.
📌 ترەمپ: ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەوانەیە مەترسی لەسەر بڕیارە باجییەکانی پەیوەست بە بەخشیش، کرێی کاتی زیادەی کارکردن و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دروست بکات.
📌جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە گفتوگۆی باشیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئەنجامداوە و هەنگاوی ئەرێنی لە دانوستانەکاندا نراوە.
📌ڤانس جەختی کردەوە کە بژاردەی سەربازی هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە و ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا لەناوبردنی تەواوەتیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە، بەڵام دەرفەتێک هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بە مەرجێک ئێران پابەند بێت بە دروستنەکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
📌کۆریای باکوور ئەو تۆمەتانەی ئەمریکای رەتکردەوە کە بە بەرپرسیاری دەزانێت لە هێرشێکی ئەلیکترۆنی (سایبەری) بۆ سەر پلاتفۆرمی مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکانی “باینانس”، کە تێیدا سەرمایەیەکی دیجیتاڵی بە بەهای نزیکەی 6.3 ملیار دۆلار کرابووە ئامانج.
📌سکای نیوزی عەرەبی: هەزاران سەربازی ئەوروپی بەشداری لە مەشقێکی سەربازیدا دەکەن بە سەرکردایەتیی بەریتانیا و فەرەنسا، وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوەپێکردنی هێزێکی فرەنەتەوەیی لە ئۆکرانیا “ئەگەر رێککەوتنی ئاشتی بێتە ئاراوە”، ئەمەش سەرەڕای دژایەتیکردنی ئەو هەنگاوە لەلایەن رووسیاوە.
📌دادگای باڵای ئەمریکا داواکارییەکی بۆ دوورخستنەوەی هەزاران کارتی دەنگدانی پۆستی لە کالیفۆرنیا رەتکردەوە، کە هی ئەو کەسانەیە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت هاوڵاتیی ئەمریکی نین؛ بڕیارەکەش لە بەرەبەری هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکانی نیوەی خولدا دەرچوو.
📌 ترەمپ بۆ فۆکس نیوز: بە تەواوی کۆنترۆڵی ڤەنزوێلامان کردووە، کەسانی خۆمان لەوێ داناوە و بڕێکی ئێجگار زۆر لە نەوتمان لەبەردەستدایە.
📌بلومبێرگ: واشنتن بەنیازە داوا لە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ بکات پاڵپشتیی دارایی بۆ بەرنامەیەکی سەرەکیی دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا زیاد بکەن.
📌ئەکسیۆس: بەڕێوەبەری CIA ئامۆژگاریی ترەمپ دەکات دۆخی “نە شەڕ و نە رێککەوتن” لەگەڵ ئێراندا وەک خۆی بهێڵێتەوە و بەردەوامی بە گوشارە ئابوورییەکان بدات.
📌ویتکۆف: واشنتن لە رۆژانی 10 و 11ـی تشرینی دووەم لە ئەبووزەبی، نێوەندگیری لە دانوستانێکی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا دەکات لەسەر ئاستی تیمەکانی کارکردن.