عەباس عەزیز، بەرێوەبەرى گومرگى راپەڕین بۆ 964:

ئێرانییەکان رازى نەبوون؛ هاتوچۆى گەشتیارى لە مەرزى کێلێ دەستى پێنەکردەوە

وریا فەتاح

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ هاتوچۆى گەشتیارى لە مەرزى کێلێ دەستپێبکاتەوە، بەڵام لایەنى ئێرانى رازى نەبووە، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕینیش دەڵێت: جارێ دیار نییە کەى دەستپێدەکاتەوە.

لە 28.2.2026ـەوە، لەوکاتەوەى جەنگەکە دەستیپێکردووە، هاتوچۆى گەشتیارى لە مەرزى کێلێوە وەستاوە.

بڕیاربوو ئەمڕۆ هاتوچۆى گەشتیار لە مەرزەکەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەوتەى عەباس عەزیز، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین کە بۆ 964 قسەى کردووە، ئەوان هەموو ئامادەکارییەکیان کردبوو بۆ دەستپێکردنەوەى هاتوچۆى گەشتیاریى، بەڵام لایەنى ئێرانى رازى نەبووە.

وتیشى،”ئێمە ستاف و کارمەند و بەڕێوەبەریشمان لە مەرزەکەن و ئامادەن، بەڵام پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ لایەنى ئێرانى ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ئامادەنین بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتەکان”.

هەرچەندە هاتوچۆى بازرگانى لە مەرزى کێلێ ئاساییە، بەڵام تائێستا هاتوچۆى گەشتیارى دەستیپێنەکردووەتەوە.

دەروازەی کێلێ دەروازەیەکی نیمچەفەرمییە و دەکەوێتە نێوان قەزای پشدەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و شارۆچکەی سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لە کاری بازرگانی لە هەفتەیەکدا شەش رۆژ هاتوچۆی گەشتیاری تێدا دەکرێ.