"ئەمریکا ناتەنیاهۆی دەوێت"
ترەمپ پشتیوانی تەواوەتی خۆی بۆ ناتەنیاهۆ لە هەڵبژاردنەکاندا دەربڕی
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانی تەواوەتی خۆی بۆ ناتەنیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل دەربڕی و داوا لە خەڵکی ئیسرائیل دەکات دەنگی پێبدەن و دەڵێت، “بەبێ بیبی ئەمریکا ئێران لەناو نابات.”
ترەمپ بۆ پشتگیریکردن لە ناتەنیاهۆ باسی جەنگی ئێران دەکات و دەڵێت: ماوەی 51 ساڵە ئێران دروشمی مەرگ بۆ ئیسیرائیل و ئەمریکا دەڵێتەوە و تەنها لەسەر کات مابوو ئەو قسەیە بکەن بەڕاستی، بەڵام بەشێوەیەکی سیستماتیکی لەڕووی سەربازیی و داراییەوە تێکشکیندراون و ئەگەر بەخێرایی بیروبۆچوونیان نەگۆڕن ئەوا بەمزوانە کۆتاییان پێ دەهێنین.
ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە، “ئەگەر ئیسرائیل سەرکردەیەکی هەڵە هەڵبژێرێت، کە هەر کەسێکە جگە لە ناتەنیاهۆ، دەبێت ئەمریکا بە تەنیا ئەو کارە بکات [لەناوبردنی ئێران]منیش ئامادە نیم ئەوە بەتەنیا بیکەم.”
“ناتەنیاهۆ بەهێز و بوێر بووە لەبەرامبەر دژایەتیکردنی گەورەدا، تەنانەت لە خودی ئیسرائیلیشەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە بەرگەی گرتووە و زیاتریش بەرەوپێش چووە، من بیبیم لەکاتی سەختدا بینیوە و کەسانی ئاسایی لەو دۆخانەدا لەژێر فشاردا هەرەس دەهێنن، بەڵام ئەو تێکنەشکا و بگرە بەهێزتریش بووە، ئێمەش لە ئەمریکا کەسانی هاوبەشی وەک ناتەنیاهۆمان لە ئیسرائیل دەوێت،” ترەمپ وادەڵێت.
بڕیارە 27ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل بەڕێوە بچێت و بنیامین ناتەنیاهۆ یەکێکە لە کاندیدەکان، بەڵام فشارێکی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەرە، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەندین راپۆرتی میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاوبوویەوە کە ناتەنیاهۆ پێشتر ئاگادارکردنەوەی لەبارەی هیرشێکی گەورە پێش 7ـی ئۆکتۆبەر پێگەیشتووە، بەڵام گرنگی پێنەداوە و سوپای ئاگادارنەکردووەتەوە.