پەیامی بۆ ناردووە

ترەمپ ئیدانەی هێرشەکانی سەر کوردستان و ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات

ئەحمەد مستەفا

لە پەیامێکدا کە لە رێگەی نێردەکەیەوە گەیاندی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا  ئیدانەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و ماڵەکەیانی لە دهۆک کردووە.

ئەم ئێوارەی چوارشەممه‌یە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیاوە پێگەیشتووە.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، تۆم باراک پەیامی دۆناڵد ترەمپی گەیاند کە تيایدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک کردووە.

دۆناڵد ترەمپ هاوسۆزیی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی و هاوخەمیی بۆ خانەوادەی شەهیدان دەربڕيوه‌ و هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووه‌، ئەوەش بەگوێرەی هەمان راگەیەندراو.

تۆم باراک، جەختی لە پشتگیریی تەواوی دۆناڵد ترەمپ و ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، هەروەها نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندییەکەی کردووە و پێزانینی بۆ هەڵوێست و هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.