"چیتر هێرش ناکەینە سەرتان"

پزیشکیان: داوای لێبوردن لە وڵاتانی دراوسێ دەکەم

وریا فەتاح

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئاراستەی گەلی ئێران و جیهانی کرد، وێڕای راگەیاندنی ماتەمینی بۆ کوژرانى رابەری شۆڕش و فەرماندەکان، ژمارەیەک هەڵوێستی نوێی سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە و دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی راگەیاند.

پزیشکیان لە سەرەتای پەیامەکەیدا سەرەخۆشی خۆی بۆ لەدەستدانی رابەری باڵا و فەرماندە سەربازییەکان دەربڕی. هاوکات بە توندی هێرشی کردە سەر وڵاتانی رۆژئاو و تۆمەتباری کردن بەوەی “هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی رەچاو ناکەن و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بۆردومان دەکەن و خوێندکاری بێتاوان شەهید دەکەن.”

لە بەشێکی گرنگی پەیامەکەیدا، پزیشکیان بە ئاشکرا داوای لێبوردنی لە وڵاتانی دراوسێ کرد، سەبارەت بەو هێرشانەى لەلایەن وڵاتەکەیەوە کراوەتە سەریان و دەڵێت،”داوای لێبوردن لە دراوسێکانمان دەکەم کە لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، ئێمە نیازی دەستدرێژیمان نییە و ئەوان بە برا دەزانین.”

هەروەها جەختی کردەوە کە بڕیاریان داوە “چیتر هێرش نەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ، مەگەر ئەوەی ئەوان دەستپێشخەری بکەن” و رایگەیاند کێشەکان بە دیپلۆماسی چارەسەر دەکەن.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران، پزیشکیان داوای لە هەموو چین و توێژەکان کرد بەبێ گوێدانە جیاوازی ئایینی و ڕووخسار، یەکگرتوو بن بۆ بەرگریکردن لە خاک.

ناوبراو وتی: “باوەڕم وایە دەبێ ئەمڕۆ هەموو ناکۆکییەکان وەلا بنێین، با بۆ نەوەکانی داهاتوو ببینە دەرسێک لە یەکگرتوویی.”