لە پێشانگەکە نمایشکراوە

سیستەم سۆلار وەك كەلوپەلی بیناسازی حیسابی بۆ دەكرێ

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

کاریگەری پڕۆژەکە گەیشتووەتە ئاستێک، خاوەن کۆمپانیایەک کە کار لە سیستمی سۆلار دەکات دەڵێ، ئێستا سیستەمەکە وەک كەلوپەلی بیناسازی حیسابی بۆ دەكرێ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کەرەستەی بیناسازی، تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی فێنککەرەوە، بە ئامادەیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر کرایەوە.

لە پێشانگاکەدا ژمارەیەک لە کونسڵ و نێردەکانی وڵاتان، سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و کۆمەڵێک لە کۆمپانیا و پیاوانی کار بەشداربوون.

350 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی، 400 براندی جیهانی و نوێنەرانی 11 وڵات، نوێترین بەرهەم و تەکنەلۆژیاکانی بواری بیناسازی و کەرەستە و ئامێرە پەیوەندیدارەکان لە پێشانگاکەدا پیشان دەدەن.

هاوكار حەمەد بەرێوبەری كۆمپانیایی پاوەر سۆلید بۆ سۆلەر سیستەم بە 964ی وت، بە گوێرەی ئەو پەناڵانەی بۆ سیستمەکە دادەنرێ، پێدانی سێ ئەمپێر کارەبا 15 بۆ 20 وەرەقەی تێدەچێ.

داڕشتنەوە: ئەحمەد مستەفا