لە کەرکوک
کۆنتڕۆڵکرا؛ کارگەیەکی ئیسفەنج بوو بە خۆڵەمێش
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
ئاگرەکەی گەڕەکی “یەکـی ئازار” کە بەرۆکی کارگەیەکی ئیسفەنجی گرتبوو، دوای هەوڵێکی زۆر کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام کارگەکە بەتەواوی سووتا و تەنیا دیوارەکانی ماونەتەوە.
کاتژمێر 2ـى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی ئیسفەنج لە گەڕەکی (یەکـی ئازار)ـی شاری کەرکوک کەوتەوە و بەرگری شارستانی 10 تیمی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناردە شوێنی رووداوەکە.
سینان ئەکرەم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی کەرکوک بە 964ـی راگەیاند، خۆشبەختانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
بەوتەى سینان ئەکرەم، بینای کارگەکە کە لە دوو نهۆم پێکهاتبوو، بەتەواوی سووتاوە و کەلوپەلەکانی ناوی بوون بە خۆڵەمێش.
روونیشى کردەوە، هێشتا هۆکارى ئاگرەکە نەزانراوە و لە ئێستادا تیمەکان سەرقاڵی “ساردکردنەوەی” شوێنەکەن و دواتر دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن.
وەک باسى دەکات، لە ساڵى نوێدا ئەوە یەکەم ئاگرى گەورەی لەم شێوەیەیە کە لە کەرکوک بکەوێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح