تەنیا بەنداوە بچووکەکان سەرڕێژیان کردووە

964+

فەهمی نەبی

بە گوێرەی قسەی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم، هێشتا تەنیا ئەو پۆندە بچووکانە سەرڕێژیان کردووە، کە توانای گلدانەوەی ئاوێکی کەمیان هەیە، سێ بەنداوە ستراتیژییەکەی هەرێم سەرڕێژیان نەکردووە.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە 964ی وت، “لە هەرێمی کوردستان تەنیا سێ بەنداوی ستراتیژیمان هەیە، تا ئەو سێ بەنداوە سەرڕێژ نەکەن، ناتوانین بڵێین توانای گلدانەوەی ئاومان گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا، ئەوەی هەیە تەنیا پۆندە بچووکەکانن، چی ئەوانەی حکومەت یان ئەوانەی خەڵک دروستی کردوون سەرڕێژیان کردووە”.

هەفتەی رابردوو شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە ناویاندا پارێزگای سلێمانی و ناوچەی گەرمیان زۆرترین رێژەی بارانیان تۆمارکرد، بەو هۆیەوە چەندان پۆند سەرڕێژیان کرد.

بە وتەی رەحمان خانی، هەر سێ بەنداوە گەورەکەی هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی کەم ئاویان زیادی کردووە، بە جۆرێک لە نێوان 15 بۆ 20 سانتیمەتر ئاو بۆ هەریەکەیان زیادی کردووە.

سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە 964-ی راگەیاند: بەھۆی ئەو شەپۆڵی بارانبارینەی هەفتەی پێشوو نزیکەی 17 سانتیم ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەرز بووەتەوە.

بە وتەی سامان ئیسماعیل “بەنداوی دەربەندیخان ئێستا ئاستی ئاو تێیدا تا رێژەی 39%ـیە، تەنیا بەم بارانبارینە نزیکەی شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاو چووەتە ناو بەنداوەکەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەراورد بە پارساڵ چوار مەتر و 11 سانتیم ئاستی ئاوەکە کەمترە”.

بە گوێرەی زانیارییەکانی 964، ئەو بەنداوانەی سەرڕێژیان کردووە، هەریەکە لە بەنداوەکانی دێوانە، کە توانای گلدانەوەی 21 ملیۆ مەتر سێجا ئاو و بەنداوی تووڕەجار لە گەرمیان توانای گلدانەوەی 1500 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، هاوکات بەنداوی باوەشاسوار توانای گلدانەوەی پێنج ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و ئەمساڵ دووجار سەرڕێژی کردووە.