لەکاتى کۆکردنەوەى قوتوو پێیدا تەقییەوە
پاشماوەیەکى جەنگى هەردوو قاچى لە کاسبکارێک سەندەوە
سیروان خورشید – دووزخورماتوو
لە کاتێکدا کاسبکارێک سەرقاڵى کۆکردنەوەى قوتو و پلاستیک بوو بۆ ئەوەى پاروویەک نان بۆ خێزانەکەى پەیدا بکات، رۆژەکەى گۆڕا بۆ کارەسات و تەقینەوەى پاشماوەیەکى جەنگى، هەردوو قاچەکانى لێ سەندەوە.
رووداوەکە، ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە16.5.2026 لە گوندى “ئەلبوتەعمە”ـی نێوان خورماتوو و تکریت لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، روویداوە، باشماوەیەکى جەنگى سەردەمى شەڕى داعش، هەردوو قاچى هاوڵاتییەکى پەڕاندووە کە سەرقاڵى کۆکردنەوەى پلاستیکە.
مەحەمەد عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی خورماتوو بە 964ـى وت،” ئەو هاوڵاتییە خەریکی کۆکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک و ئاسنە کۆنەکان بووە، لەو کاتەدا بۆمبێکی چێنراوی سەردەمی داعش پێیدا تەقیوەتەوە”.
دوای رووداوەکە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و هێڵێکی ئەمنییان کێشاوە، چونکە وەک پۆلیس دەڵێت، ئەو ناوچانە هێشتا خاکی مەرگن و بە تەواوی لە مین و تەقەمەنی پاک نەکراونەتەوە، ئەمەش مەترسییەکی بەردەوامە لەسەر گیانی خەڵک.
دیمەنی گەیاندنی بریندارەکە بۆ نەخۆشخانە جەرگبڕ بووە. مەحەمەد جاسم، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی سەڵاحەدین بە 964ـی راگەیاند، کاتێک بریندارەکەیان بەپەلە گەیاندە بەشی فریاکەوتن، دۆخێکی زۆر دڵتەزێنی هەبوو. وتیشی: “بەداخەوە بەهۆی سەختی و هێزی تەقینەوەکەوە، لە هەمان شوێنی رووداوەکەدا هەردوو قاچی پەڕى بوون”.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ئێستای، ئەو کارمەندەی نەخۆشخانە ئاماژەی بەوە کرد کە چارەسەری خێرای بۆ کراوە و لەژێر چاودێریی چڕدایە، هەرچەندە لە مەترسیی مەرگ رزگاری بووە، بەڵام بۆ هەمیشە وەک کەمئەندامێک لەسەر جێگە دەمێنێتەوە.
شەڕەکان ساڵانێکە کۆتاییان هاتووە، بەڵام مەرگەساتەکانیان نا. پاشماوەکانی جەنگ و مینە چێنراوەکان هێشتا وەک بکوژێکی بێدەنگ لە چاوەڕوانیی خەڵکن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح