نوێنەری ژووری بازرگانی لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەوە
نوێنەری ژووری بازرگانی لەگەڵ وەزیری دارایی
بۆ چارەسەری کێشەکانی گومرگ و گواستنەوەی کاڵا کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەڕێوەچوو
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاستەنگە گومرگی و داراییەکان، نوێنەری ژووری بازرگانی هەولێر و وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، کامەران محەمەد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی ژوور، وەك نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و بە یاوەری ژمارەیەك لە بازرگانان، لەگەڵ ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری، بە ئامادەبوونی راوێژکاری یاسایی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە رۆژی چوارشەممە کراوە و بە وردی تیشك خراوەتەسەر ئەو کێشە و گیروگرفتانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا رووبەڕووی بازرگانان دەبنەوە، بەتایبەت لە دۆسیەکانی: باج و گومرگ، یەکخستنی رێکارەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر بازرگانان، خاڵە سنوورییەکان، نەهێشتنی ئاستەنگە کارگێڕییەکانی گواستنەوەی کاڵا.
وەک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، کامەران محەمەد ساڵح داوای بەشداریکردنی نوێنەری ژووری کرد لەو شاندە فەرمییانەی سەردانی بەغدا دەکەن، جەختیش لەوە کرایەوە بەهۆی ئاگاداریی تەواوی ژوور لە وردەکاریی کێشەکانی بازاڕ و بازرگانان، بوونی ئەوان لە گفتوگۆکاندا دەبێتە هۆی دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و کردەیی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا.
هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوە کراوە، بەرپرسانی وەزارەتی دارایی پاڵپشتی خۆیان بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان دەربڕی بە مەبەستی رەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.