قوتابییەک کوتانی دژە سورێژەی بۆ دەکرێ - وێنە: 964
داواکاری تەندروستی هەولێرە
“دایک و باوکان منداڵەکانیان لە ڤاکسینی سوورێژە بێبەش نەکەن”
ئەحمەد مستەفا
تەندروستیی هەولێر، لە چوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان، هۆشداریی لەبارەی مەترسیی سوورێژە “سووریکە” داوە و جەخت لە گرنگی کوتانەوەی منداڵان دەکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پابەندبوون بە خشتەی ڤاکسین و کوتانەوەی منداڵان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستییان و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە.
سوورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و نیشانەکانی بریتین لە تا، کۆکە، ئاوسانی لووت و دەرکەوتنی خاڵە سوورەکان لەسەر جەستە.
لەبەر ئەوە، تەندروستی هەولێر داوا لە دایک و باوکان دەکات منداڵەکانیان لە کوتان بێبەش نەکەن و لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکاندا پەنا بۆ بنکە تەندروستییەکان بەرن.
لە لایەکی دیکەوە، سامان سەلمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی هەولێر، ئاشکرای کردووە تاکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە سوورێژە لە نەخۆشخانەکاندا تۆمار نەکراوە و هەوڵەکان ئێستا لەسەر بڵاوکردنەوەی رێنمایییەکانی خۆپارێزین.