"غوڵام گەرمیانی"
لانکەی کتێب و ژیان؛ چیرۆکی پیاوێک کە نیو سەدەیە لەگەڵ پیت و رستەکان دەژی
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
مامۆستا سالار سەمین، نووسەر و کتێبدۆستێکی کورد، لە نێوان یادەوەرییە تاڵەکانی رابردوو و خۆشەویستییەکەی بۆ کتێب، زیاتر لە 50 ساڵی ژیانی بە نووسین و خوێندنەوە بەسەر بردووە.
لە پشت هەر کتێبێکدا چیرۆکێک هەیە، بەڵام هەندێک جار ژیانی نووسەرەکە خۆی دەبێتە چیرۆکێکی گەورەتر، چیرۆکی خۆشەویستی، خۆڕاگری و یادەوەرییەکانی نەتەوەیەک. مامۆستا سالار سەمین، پیاوێکی تەمەنی سەرووی 80 ساڵ، یەکێکە لەو کەسانەی کە کتێب بۆی تەنیا پەڕە و وشە نییە، بەڵکو پەناگە و هاوڕێیەکی دێرینی ژیانە.
سالار، کە ساڵی 1945 لە قەزای کفری لەدایک بووە، لە ساڵی 1971 کۆچی کردووە بۆ خورماتوو و زیاتر لە نیو سەدە لەگەڵ کتێب و نووسین ژیاوە. ئەو خاوەنی 11 کتێبی چاپکراوە و ماڵەکەی کردووەتە شوێنێک بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی بەرهەمە فکری و ئەدەبییەکان.
بەڵام ئەم ڕێگایە هەمیشە ئاسان نەبووە، مامۆستا سالار دەگێڕێتەوە کە لە سەردەمی حوکمڕانی بەعسدا، بەهۆی سانسۆر و چاودێرییەوە، ناتوانی نووسینەکانی بە ناوی خۆی بڵاو بکاتەوە، بۆیە ناچار بووە بە ناوی “غوڵام گەرمیانی” نووسینەکانی لە هەرێم بڵاو بکاتەوە، چونکە دەترسا بەهۆی نووسینەکانیەوە دەستگیر بکرێت و سزای قورس بدرێت.
یەکێک لە دڵتەزێنترین یادەوەرییەکانی رووداوەکانی ساڵی 1963 بووە، کاتێک، بەوتەی خۆی، شایەتی رووداوە ناخۆشەکانی هێرش بۆ سەر گوند و لادێ کوردنشینەکان بووە، ئەو دیمەنانە لە مێشکی جێگیر بوون و بوونە هۆی ئەوەی بڕیار بدات رووداوەکان بنووسێتەوە و بیانکاتە کتێب، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو و گەلانى تر لەوە ئاگادار بن کە چی بەسەر کورددا هاتووە، دواتر ئەم بەرهەمەی بە زمانی عەرەبییش وەرگێڕاوەتەوە.
ڕووداوەکانی خورماتوو و زیانەکانی ئەو پشێوییانەش کاریگەرییان لەسەر ژیانی کردووە. بەشێک لە کتێب و ئەرشیفەکەی تاڵان کراون یان زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام خۆشەویستییەکەی بۆ کتێب هەر بەردەوام بووە. ئەو لە دواتردا دووبارە کۆچی کردووەتەوە بۆ کفری، بەڵام دەڵێت هێشتا دڵی لە خورماتووە.
لە نێو ئەو هەموو کتێب و یادگارییانەدا، وێنەی باوکی شوێنێکی تایبەتی لە دڵی هەیە. سالار زۆربەی وێنە و یادگارییەکانی باوکی و هاوڕێکانی پاراستووە، چونکە بۆی تەنها وێنە نین، بەڵکو بەشێکن لە ژیانی ڕابردوو و ناسنامەی کەسییەتی.
ئەمڕۆ، مامۆستا سالار پەیامێکی سادە بەڵام قووڵ بۆ گەنجان هەیە: لە کتێب نزیک ببنەوە و تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی سوودبەخش بەکاربهێنن، ئەو باوەڕی وایە مۆبایل و ئامرازە نوێیەکان نابێت تەنیا بۆ بەفیڕۆدانی کات بەکاربهێنرێن، بەڵکو دەکرێت ببنە دەروازەیەک بۆ زانیاری و هۆشیاری.
چیرۆکی مامۆستا سالار سەمین، چیرۆکی پیاوێکە کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم گەورە بووە، بەڵام پەیوەندییەکەی بە کتێب نەبڕاوەتەوە، چونکە بۆ ئەو، کتێب تەنیا شتێک نییە بۆ خوێندنەوە، بەڵکو شوێنێکە بۆ پاراستنی یادەوەری، رووناککردنەوەی رابردوو و دروستکردنی داهاتوویەکی ئاگادارتر.
لە جیهانێکدا کە زۆر شت دەگۆڕێت و لەبیر دەکرێت، مامۆستا سالار هێشتا بە پیت و ڕستەکانەوە دەژی، چونکە هەندێک چیرۆک نابێت لەبیر بکرێن و هەندێک کتێب نابێت لەناو بچن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا