سلێمانی زۆرترین و دهۆک کەمترین رێژەی باران بارینیان تۆمارکرد

964+
فەهمی نەبی

بەگوێرەی زانیاریەکانی کەشناسی بێت، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین رێژەی باران بارین تۆمارکراوە، بەجۆرێک لە قەرەداغ 198 ملم باران باریوە، لە سەنتەری پارێزگای دهۆکیش باران نەباریوە.

ئەمڕۆ 9.3.2023، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی باران بارینی بڵاوکردەوە.

لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی 104.2 ملم باران باریوە، بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی باران لە بەشێکی شەقامەکانی ئەو شارە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان دروست بوو، لەو پارێزگایە کەمترین رێژەی باران بارینیش لە ناحیەی چوارقوڕنە تۆمارکراوە 30.8 ملم باران باریوە.

لە سەنتەری پارێزگای هەولێر، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا تەنیا 6.5 ملم باران باریوە، بەرزترین رێژەی باران بارینش لە قەزای کۆیە بووە 30 ملم باران باریوە.

پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کەمترین رێژەی باران بارینی لێ تۆمارکراوە، بەجۆرێک لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو باران لە سەنتەری ئەو پارێزگایە نەباریوە، تەنیا لە ناحیەی دینارتا 3.2 ملم باران باریوە.

لە پارێزگای کەرکوک، بەرزترین رێژەی باران بارین، لە قەزای خورماتوو بووە، بەجۆرێک لەو قەزایە 54.8 ملم باران باریوە، لە سەنتەری پارێزگای کەرکوک 19.4 ملم باران باریوە.

لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە، 80.6 ملم باران باریوە و لە ناحیەی تەوێڵە بەرزترین رێژەی باران تۆمارکراوە بە جۆرێک 80.6 ملم باران باریوە.