لوبنانین

بە ماتۆڕسکیل چوار وڵاتیان بڕیوە؛ گەشتى داهاتوویان بەرەو هەولێرە

964+
گەرناس مەعۆ- عامودا

چوار گەڕیدەی لوبنانی کە هاوڕێی یەکترن، بە ماتۆڕسکیلەکانیان گەشتێکیان بە ناو چوار وڵاتی ناوچەکەدا دەستپێکردووە و دوای بڕینی سەدان کیلۆمەتر، گەیشتنە شاری عامودا لە رۆژئاوای کوردستان.
گەشتی ئەم چوار هاوڕێیە لە وڵاتی لوبنانەوە دەستیپێکردووە، سەرەتا چوونەتە سوریا، پاشان بەرەو عێراق و شارەکانی موسڵ و زاخۆ بەڕێکەوتوون. لە زاخۆشەوە سنووریان بڕیوە بۆ باکووری کوردستان و چوونەتە شارەکانی مێردین، ئامەد و ئورفا.
دوای گەڕان و بینینی ئەو ناوچانە، گەڕیدەکان بە هەمان رێگادا گەڕاونەتەوە و سەردانی شاری عامودایان کردووە. هۆکاری چوونیشیان بۆ ئەو شارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئاواڵزاوای یەکێک لە گەڕیدەکان دانیشتووی عامودایە و لەوێ یەکترییان بینیوە.
محەمەد عومەر، یەکێک لە گەڕیدە و گەشتیارەکان بە 964ی راگەیاند، ئامانجی سەرەکی گەشتەکەیان بۆ ئەو ناوچانە، بینین و ئاشنابوونە بە شوێنە گەشتیاریی و کلتورییەکانی ئەو وڵات و شارانەی سەردانیان دەکەن.
ئەو گەشتیارە ئاماژەی بەوەشکرد، گەشتەکەیان لێرەدا کۆتایی نەهاتووە و وێستگەی داهاتوویان بەرەو هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر دەبێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح