133 ملم بارانباریوە

بارانە بە لێزمەکە پردێکی لە پێنجوێن رووخاند

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بارانە بەلێزمەکە پردی گوڵێی رووخاند و دوو خانووش لە پێنجوێن ئاوی تێچووە.

زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە 964ـی وت، پردی گۆڵێ کە گوندی گۆڵێ بە گوندی دەڵاڕۆ لە سنووری قەزای پێنجوێن دەبەستێتەوە، باران بە لێزمەکە رووخاندی.

“ئێستا سەرقاڵی ئەوەین رێگەی بەدیل بۆ ھاتوچۆ بدۆزینەوە و رێگا لەوە بگرین رووداوەکە زیانی لێبکەوێتەوە”. قایمقامی پێنجوێن وای وت، ئەوەشی خستەڕوو  کە جگە لە پردەکە، ئەوا بەهۆی گەڕانەوەی ئاو لە مەنھۆڵەوە، ئاو چۆتە دوو ماڵ و تیمەکانی بەرگری شارستانی بەھانایانەوە چوون.

964 دەزانێت، ئەمساڵ تا بارانەکەی دوێنێ، 663 ملم باران لە سنووری پێنجوێن باریوە و پارساڵیش 715 ملم باران باری بوو.

بە قسەی قایمقامی پێنجوێن بێت، سەرجەم چەم و رووبارەکانی سنووری پێنجوێن بەھۆی بارانە بە لێزمەکەوە بوژاونەتەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق