هەورامییەکان هەر ئەوەیان لێ دەوەشێتەوە

لەسەر گیرفانی خۆی 300 کەوی نازداری کڕی و ئازادی کردن

ئەمەل ناجی – هەورامان

هەورامییەکان لە ژینگەدۆستی و ژینگەپارێزیدا هاوتایان نییە و لەو بوارەدا هەمیشە پێشەنگ بوون، ئەوەتا گەنجێک لەسەر گیرفانی خۆی 300 کەوی نازداری کڕیوە و لە شاخە سەرکەشەکانی هەورامان ئازادی کردن.

ئالان حەمەکەریم ژینگەدۆستێکی خەڵکی شارەدێی تەوێڵەیە، ئەو بە 964ـی وت، “هەر کەوێک 9000 دینارم پێداوە و ئەو کارەشم تەنیا بۆ خزمەتی ژینگە و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری شاخەکانی هەورامان کردووە”.

عابدین عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجەش ستایشی ئەو کارەی کرد و وتی، “ئەمە یەکەمجارە ئەم ژمارە زۆرە کەوە بە یەکجار ئازاد دەکرێن، ئیشێکی تابڵێی جوانە و ئێمەش پشتیوانی لێ دەکەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، سروشتی کوردستان بە باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانەوە جوانە و هەرکەس راو بکات، بەدڵنیاییەوە رێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری